شێخ خالد عه‌تییه: پێكهێنانی
لیژنه‌ی باڵا بۆ ئاماده‌كردنی كۆنگره‌ی ڕاكێشانی عیراقییه به‌توانا ولێهاتووه‌كانی
ده‌ره‌وه ڕاده‌گه‌ێنێت.
جێگری
یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران پێكهێنانی لیژنه‌ی باڵا بۆ ئاماده‌كردنی
كۆنگره‌ی ڕاكێشانی عیراقییه به‌توانا ولێهاتووه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ڕاگه‌یاند،
كه به‌سه‌رۆكایه‌تی شێخ خالد عه‌تییه ده‌بێت وئه‌ندامێتی هه‌ردوو وه‌زیری
ئاواره وده‌ركراوه‌كان و خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی، هه‌روه‌ها ئه‌ندامێتی
سه‌رۆك وئه‌ندامانی لیژنه‌ی ئاواره وده‌ركراوه‌كان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی
عیراق.
عه‌تییه له كۆنگره‌یه‌كی
ڕۆژنامه‌وانی له بینای كۆشكی كۆنگره‌كاندا له به‌غداد ووتی كه توانا
عیراقییه‌كان سامانێكی ڕاسته‌قینه‌یه بۆ عیراق وپێویسته كاربكرێت بۆ
گه‌ڕانه‌وه‌یان وبه‌شداری پێكردنیان له بنیاتنانه‌وه‌ی وڵات به‌تایبه‌تی
له‌م قۆناغه قورسه‌دا وئه‌مڕۆ ئێمه زیاتر له‌هه‌موو كاتێك پێویستیمان به
گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م توانا وپسپۆرییه هه‌یه له هه‌موو بواره‌كاندا، وڕوونی
كرده‌وه كه له ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردوودا ده‌رفه‌تێكی وه‌ها نه‌ڕه‌خساوه
تا هه‌نگاوێكی ڕاسته‌قینه بۆ ئه‌م كاره بنرێت به‌ڵام سوپاس بۆ خوا ئه‌مڕۆ
وبه‌هۆی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عیراقی بۆ چه‌سپاندنی ئاسایش له وڵات‌دا و
هاوكاری نێوان هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان بارودۆخه‌كه ئێستا گونجاوه بۆ
هه‌نگاوێكی له‌م جۆره، و ووتی كه كۆنگره‌كه به‌هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان په‌رله‌مانی
عیراقی وحكومه‌ت ده‌به‌سترێت وبڕیاردرا كه ڕۆژانی 23-24 مانگی دابێت به‌رواری
به‌ستنی كۆنگره‌كه بێت وئاشكرای كرد كه هه‌موو لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كان
ونزیكه‌ی 100-150 پسپۆر ولێهاتووی عیراقی له‌ناوه‌وه وده‌ره‌وه‌ی عیراق به‌شداری
له كۆنگره‌دا ده‌كه‌ن، ولیژنه‌یه‌كی ئاماده‌كردن له له‌نده‌ن ویه‌كێكی
تریش له ئیمارات ده‌بێت بۆ كاری پاڵپشتی كردن له لیژنه‌ی ئاماده‌كردن.
عه‌تییه ئاماژه‌ی به
ته‌وه‌ره‌كانی كۆنگره‌كه دا و ووتی كه كۆنگره‌كه باسی سێ بابه‌تی
سه‌ره‌كی ده‌كات ئه‌ویش دروستكردنی خشته‌یه‌كی زانیاری ده‌رباره‌ی ئاواره
پسپۆر ولێهاتووه‌كان وپسپۆره تایبه‌تمه‌نده‌كان وشوێنی نێشته‌جێبوونیان
له وڵاتانی عه‌ره‌بی وجیهانی بۆ ئه‌وه‌ی بدرێته ده‌زگاكانی ئیداری وڵات
به‌مه‌به‌ستی سوود وه‌رگرتن و كار پێكردنیان له ده‌زگاكانی ده‌وڵاتدا،
وله ته‌وه‌ری دووه‌مدا باسی ڕێگاكانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م پسپۆرانه ده‌كرێت
وئاسانكارییه‌كان و پاداشتی ماددی پێویست بۆ ئاسانكردنی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ
وڵات، و ته‌وه‌ری سێیه‌میش سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی به‌رده‌وامبوونی په‌یوه‌ندی
له‌گه‌ڵ ئه‌م پسپۆرانه ده‌بێت ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕانه‌وه بۆ وڵات، وكاركردن
بۆ سوود وه‌رگرتن له تواناكانیان له ڕێگای به‌ستنی كۆنگره‌و وچاوپێكه‌وتنی
به‌رده‌وام بۆیان، وعه‌تییه دووپاتی كرده‌وه كه كۆنگره‌كه كه‌ش وهه‌وایه‌كی
كراوه‌ی ده‌بێت له گفتوگۆ وئاڵوگۆڕكردنی بیروڕاكان بۆ ئه‌وه‌ی له كۆتاییدا
بڕیاری زانستی گونجاو بدرێت،.. وسه‌باره‌ت به وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پسپۆرانه‌ی
كه له‌سه‌ر ڕژێمی پێشوو ده‌ژمێردران عه‌تییه ووتی كه ئێمه به‌خێرهاتنی
هه‌ر پسپۆرێك یان لێهاتووه‌یه‌ك ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر خزمه‌تی وڵات بكات
وكارێكی باش بۆ میلله‌ت و وڵات ئه‌نجام بدات، وله كۆتاییدا هیوای خواست كه
كۆنگره‌كه پاڵشتی هه‌موو وه‌زاره‌ت ولایه‌نه جیاجیاكان به‌ده‌ست بێنێت.
|