مـــرحبــا بــــك فـــي
سه‌رۆك نوجه‌یفی‌ ته‌قینه‌وه‌كانی‌ به‌غداو پارێزگاكانی‌ تر رسوا ده‌كات   *     سه‌رۆك نوجه‌یفی‌ سه‌باره‌ت به‌ باری‌ ئاسایش وره‌وشی‌ سیاسی عیراق په‌یوه‌ندی‌ به‌ مالكی‌ وبارزانییه‌وه‌ ده‌كات   *     دكتۆر ئه‌لسوهێل پیرۆزبایی‌ جه‌ژنی‌ ره‌مه‌زان له‌ گه‌لی‌ عیراق و ته‌واوی‌ موسڵمانان ده‌كات   *     به‌رێز عارف ته‌یفور بیرۆزبایی‌ له‌ كوردو ته‌واوی‌ گه‌لی‌ عیراق ده‌كات   *     سه‌رۆك نوجه‌یفی‌ بیرۆزبایی‌ جه‌ژنی‌ ره‌مه‌زان له‌گه‌لی‌ عیراق وته‌واوی‌ موسڵمانان ده‌كات   *       

بەندى دووەم

 


ماف و ئازادیەکان
 

 

بەشى یەکەم
مافەکان
 

 

 

لقى یەکەم/ مافە مەدەنى و سیاسیەکان
 

 

 

مادەى (14)
          عێراقیەکان یەکسانن لەبەردەم یاسادا بەبآ جیاوازى ڕەگەز یا نەژاد یا نەتەوە یا بنەچە یا ڕەنگ یا ئایین یا ئایینزا یا بیروباوەڕ یا بۆچوون یا بارودۆخى ئابوورى یا کۆمەڵایەتیان.
 

 

 

مادەى (15)
           هەموو تاکێک مافى ژیان و ئاسایش و ئازادى هەیەو نابێت لێیان بێبەش یان سنوردار بکرێت، تەنها بە پێى یاساو بەپشت بەستن بە بڕیارى دادگاى تایبەتمەندەوە نەبێت.
 

 

 

مادەى (16)
          یەکسانى هەل مافێکى هەموو عێراقیەکانە، دەوڵەتیش ڕێوشوێنى پێویست دەگرێتەبەر بۆ بەدیهێنانى ئەم مافە.
 

 

 

مادەى (17)
یەکەم: هەر تاکێک مافى پاراستنى تایبەتمەندى کەسێتى خۆى هەیە بەو شێوەیەى کە ناتەبا نەبێت لەگەڵ مافى کەسانى دیکەو ئادابى گشتیدا.
دووەم: ڕێزى ماڵ پارێزراوەو نابێت کەس بچێتە ناوى یان بپشکنرآ یان هەڵبکوترێتە سەرى تەنها بە بڕیارى دادگاو بەپێى یاسا نەبێت.
 

 

 

مادەى (18)
یەکەم: ڕەگەزنامەى عێراقى مافى هەموو عێراقیەکەو بنەماى هاوڵاتیببونە.
دووەم: هەر کەسێک باوک یان دایکى عێراقى بێت بە عێراقى دادەنرێت، ئەمەش بە پێى یاسا ڕێکدەخرێت.
سێیەم:
ڕ‌-  نابێت لە هیچ بارودۆخێکدا ڕەگەزنامە لە کەسێک بسەنرێتەوە کە لە عێراق لە دایک بووبێت ، هەرکەسێک ڕەگەزنامەى لێسەنرابێتەوە مافى ئەوەى هەیە داواى بکاتەوە، ئەمەش بە یاسا ڕێکدەخرێت.
ب‌-     ڕەگەزنامەى عێراقى لە کەسێک دەسەنرێتەوە کە وەریگرتوە لەو بارانەدا کە یاسا ئاماژەى پێدەکات.
چوارەم: دەکرێت کەسێکى عێراقى هەڵگرى چەند ڕەگەزنامەیەک بێت، هەرکەسێک پۆستى سیاسىو بوارى ئاسایش لە ئاستێکى باڵادا وەربگرێت، دەبێت واز بهێنێت لەهەر ڕەگەزنامەیەکى دى، ئەمەش بە یاسا ڕیکدەخرێت.
پێنجەم: ڕەگەزنامەى عێراقى نادرێت بە مەبەستى سیاسەتى نیشتەجێکردن کە ببێتە هۆى تێکدانى پێکهاتەى دانیشتوانى عێراق.
شەشەم: حوکمەکانى ڕەگەزنامە بە یاسا ڕێکدەخرێت، ئەو داوایانەش کە لەوێوە سەرى هەڵداوە لەلایەن دادگاى تایبەتمەندەوە تەماشا دەکرێت.
 

 

 

مادەى (19)
یەکەم:  دادگا سەربەخۆیەو هیچ دەسەڵاتێکى بەسەرەوە نیە جگە لە یاسا.
دووەم:  هیچ کەسێک تاوانبار ناکرێت و سزا نادرێت تەنها بە دەق نەبێت. هیچ کەسێکیش سزا نادرێت تەنها بەو کردەوانە نەبێت کە یاسا بە تاوانى دادەنێت،  لەکاتى ئەنجامدانى تاواندا نابێت سزایەک بسەپێنرێت کە توندتر بێت لەو سزایەى کە بۆ ئەو تاوانە دیاریکراوە.
سێیەم: پەنا بردنە بەر دادگا مافێکى پارێزراوەو دابینکراوە بۆ هەموو کەسێک.
چوارەم: مافى بەرگرى کردن پیرۆزەو دابینکراوە لە هەموو قۆناغەکانى لێکۆڵینەوەو دادگاییکردندا.
پێنجەم: تاوانبار بێتاوانە تاوەکو تاوانەکەى لەسەر دەسەلمێت لە دادگایەکى یاسایی دادپەروەردا، تاوانبار دواى بەربوونى بە هەمان تاوانى پێشوو دادگایى ناکرێت تەنها مەگەر بەڵگەى نوآ سەرهەڵبدات.
شەشەم: هەموو کەس مافى ئەوەى هەیە بە دادپەروەرى مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت لە کاتى گرتنەبەرى ڕێوشوینى دادگایىو کارگێڕی لەگەڵیدا.
حەوتەم: دانیشتنى دادگاکان بە ئاشکرا ئەنجام دەدرێت، تەنها مەگەر دادگا بیەوێت نهێنى بێت.
هەشتەم: سزادان تاکە کەسیە.
نۆیــەم: یاسا بۆ کاتى پێش دەرچوونى کارى پێناکرێت  مەگەر لە یاساکەدا شتێکى تر وترابێت، بەڵام ئەم هەڵاوێردنە یاساکانى باج ناگرێتەوە.
دەیــەم: یاساى سزادان کارى پێناکرێت بۆ پێش کاتى دەرچوونى مەگەر بۆ تاوانبار وا باشتر بێت.
یازدەیەم: دادگا پارێزەرێک بۆ بەرگرى لە تاوانبار یان کەتنکەر تەرخان دەکات لەسەر بودجەى دەوڵەت بۆ ئەو کەسەى کە پارێزەرى نیە بەرگرى لێبکات.
دوانزەیەم:
ڕ‌-     گلدانەوە قەدەغەیە.
ب‌-   نابێت هیچ کەس بەند بکرێت یان بگیرێت تەنها لەو شوێنانە نەبێت کە تەرخان کراوە بۆ ئەو مەبەستە بە پێى یاساى بەندیخانەکان کە سەرپەرشتى تەندروستىو کۆمەڵایەتى دەیگرێتەوەو لە ژێر ڕکێفى دەوڵەتدایە.
سیازدەیەم- لێکۆڵینەوەى سەرەتایى دەخرێتە بەردەم دادوەرى پەیوەندیدار لە ماوەیەکدا کە لە بیست و چوار کاتژمێر تێپەڕ نەکات لە دواى دەستگیرکردنى تاوانبارو نابێت درێژبکرێتەوە تەنها بۆ یەک جار نەبێت و بۆ هەمان ماوە.                                                                                                                                                                         
 

 

 

مادەى (20)
هەموو هاوڵاتیەک بە ژن و پیاوەوە مافى بەشداریکردنی لە کاروبارى گشتىو شاد بوون بە مافە سیاسیەکان هەیە لەوانە مافى دەنگدان و هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن.
 

 

 

مادەى (21)
یەکەم: نابێت هیچ کەسێکى عێراقى بدرێتە دەست لایەن و دەسەڵاتى بیانى.
دووەم: مافى پەنابەرى سیاسى لە عێراقدا بە پێى یاسا ڕێکدەخرێت و،  نابێت پەنابەرى سیاسى بدرێتە دەست لایەنى بیانى یان بەزۆر بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو وڵاتەى کە بە جێى هێشتووە.
سێیەم: پەنابەرێتى سیاسى نادرێتە کەسێک کە تاوانبار کرابێت بە تاوانى نێودەوڵەتى یان تیرۆریستى یان هەرکەسێک زیانى بە عێراق گەیاندبێت.
 

 

 

لقى دووەم / مافە ئابوورىو کۆمەڵایەتىو ڕۆشنبیریەکان
 

 

 

مادەى (22)
یەکەم: کارکردن مافى هەموو عێراقیەکانە بەجۆرێک کە ژیانێکى ئاسوودەیان بۆ مسۆگەر بکات.
دووەم:یاسا پەیوەندى نێوان کرێکارو خاوەنى کار رێکدەخات لەسەر بنەماى ئابوورىو بە ڕەچاوکردنى رێساکانى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى.
سێیەم: دەوڵەت مافى پێکهێنانى ڕێکخراوو یەکێتیە پێشەییەکان و بوون بە ئەندام تێیاندا دەپارێزێت، ئەمەش بە یاسا ڕیکدەخرێت.
 

 

 

مادەى (23)
یەکەم: خاوەندارێتى تایبەت پارێزراوەو خاوەن موڵک مافى سوود لێوەرگرتن و وەبەرهێنان و بەکاربردنى هەیە لە سنورى یاسادا.
دووەم: نابێت خاوەندارێتى تایبەت لەکەس بسەنرێتەوە تەنها بەمەبەستى سوودى گشتى نەبێت و لە بەرامبەردا قەرەبوویەکى دادپەروەرانە بکرێتەوە، ئەمەش بە یاسا ڕێکدەخرێت.
سێیەم:
ڕ‌-  عێراقی مافى خاوەندارێتى هەیە لە هەموو شوێنێک لە عێراقداو نابێت کەسى دیکە ببێتە خاوەنى ماڵى نەگوێزراوە مەگەر کەسێک بە یاسا ئەو مافەى بدرێتآ.
ب‌-     خاوەندارێتیکردن بە مەبەستى گۆڕینى پێکهاتەى دانیشتوان قەدەغەیە.
 

 

 

مادەى (24)
          دەوڵەت ئازادى گواستنەوە بۆ کرێکارو شمەک و سەرمایەداران دەستەبەر دەکات لە نێوان هەرێم و پارێزگاکاندا، ئەمەش بە یاسا ڕیکدەخرێت.
 

 

 

مادەى (25)
          دەوڵەت چاکسازى لە ئابوورى عێراقدا دەگرێتە ئەستۆ بە پشتبەستن بە بنەما ئابووریە نوێیەکان بەجۆرێک کە وەبەرهێنانى تەواوى داهات و سەرچاوەکان مسۆگەر بکات هاوکات لەگەڵ هاندان و گەشەپێدانى کەرتى تایبەتدا.
 

 

 

مادەى (26)
          دەوڵەت هاندانى وەبەرهێنان لە ئەستۆ دەگرێت لە بوارە جیاجیاکاندا، ئەمەش بە پێى یاسا ڕێکدەخرێت.
 

 

 

مادەى (27)
یەکەم: دارایى گشتى نابآ دەستکارى بکرێت و پاراستنى ئەرکى هەموو هاوڵاتیەکە.
دووەم: حوکمى تایبەت بە پاراستن و بەڕێوەبردنى موڵکى دەوڵەت و مەرجى بەکارهێنان و ئەو سنوورانەى کە ناکرآ سازشیان لەسەر بکرێت بە یاسا ڕێکدەخرێت.
 

 

 

مادەى (28)
یەکەم: باج ناسەپێنرێت و هەموار ناکرێت و وەرناگیرێت و لێبوردن نایگرێتەوە تەنها بە یاسا نەبێت.
دووەم: خاوەن داهاتى کەم لە باج دەبەخشرێت بۆ ئەوەى ڕیگەنەدرێت دەستدرێژى بکرێتە سەر لانى کەمى ئاستى بژێوى، ئەمەش بە یاسا ڕێکدەخرێت.
 

 

 

مادەى (29)
یەکەم:
ڕ‌-     خێزان بنەماى کۆمەڵگەیەو دەوڵەت پارێزگارى لە قەوارەو بەها ئایینىو ڕەوشتىو نیشتمانیەکەى دەکات.
ب‌-   دەوڵەت پاراستنى دایکایەتىو منداڵ و پیر لە ئەستۆ دەگرێت و سەرپەرشتى تازەپێگەیشتووان و لاوان دەکات و هەل و مەرجى گونجاویان بۆ دەڕەخسێنێت بۆ گەشەدان بە توانا و لێهاتووییەکانیان.
دووەم: منداڵان مافی پەروەردەو سەرپەرشتىو فێرکردنیان هەیە لەسەر دایکان و باوکان، دایکان و باوکانیش مافى ڕێزگرتن و سەرپەرشتى کردنیان هەیە لەسەر منداڵانیان بە تایبەتى لەکاتى پیربوون و بآ دەسەڵاتىو پەککەوتندا.
سێیەم: بە هیچ شێوەیەک نابێت منداڵان چەوساندنەوەى ئابورى (الاستغلال القتێادی) بکرێن و دەوڵەتیش ڕێوشوێنى پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنیان.
چوارەم: ڕێگە نادرێت بەگرتنەبەرى شێوازەکانى توندوتیژىو ستەم  لە خێزان و قوتابخانە و کۆمەڵگەدا.
 

 

 

مادەى (30)
یەکەم: دەوڵەت چاودێرى کۆمەڵایەتىو تەندروستى دابین دەکات بۆ تاک و خێزان  - بە تایبەت مندالڕ و ئافرەت – لەگەڵ بنەما سەرەکیەکانى ژیانێکى ئاسوودە، کە داهاتێکى گونجاوو شوێنى نیشتەجێى ئارامیان بۆ مسۆگەر بکات.
دووەم: دەوڵەت چاودێرى کۆمەڵایەتى بۆ عێراقیەکان دابین دەکات لەکاتى پیربوون و نەخۆشى و بێتوانایى کارکرن و ئاوارە بوون و هەتیو کەوتن و بێکاریدا، هەروەها خزمەتگوزارى دڵنیایى کۆمەڵایەتی(التڕمین اڵاجتماعی)یان بۆ دابین دەکات و کار دەکات بۆ پاراستنیان لە نەخوێندەوارى و ترس و نەبوونى شوێنى نیشتەجێبوون و پرۆگرامى تایبەتیان بۆ دەستەبەر دەکات بەمەبەستى ئامادەکردن و سەرپەرشتى کردنیان، ئەمانەش بە پێى یاسا ڕێکدەخرێن.
 

 

 

مادەى (31)
یەکەم: هەموو عێراقیەک مافى چاودێرى تەندروستى هەیەو دەوڵەت گرنگى دەدات بە تەندروستى گشتىو پێدوایستیەکانى خۆپارێزىو چارەسەر کردن دابین دەکات لەڕێگاى بنیاتنانى نەخۆشخانەو دامو دەزگاى تەندروستى جۆراوجۆرەوە.
دووەم: کەسایەتىو دەستەکان مافى دامەزراندنى نەخۆشخانەو بنکەى تەندروستىو خانەى چارەسەرى تایبەتیان هەیە بە سەرپەرشتى دەوڵەت، ئەمەش بە یاسا ڕێکدەخرێت.
 

 

 

مادەى (32)
دەوڵەت چاودێرى کەمئەندامان و کەسانى خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات و ئامادەسازیان لە ئەستۆ دەگرێت بەمەبەستى تێکەڵکردنیان لەگەڵ کۆمەڵگەدا، ئەمەش بە یاسا ڕیکدەخرێت.
 

 

 

مادەى (33)
یەکەم: هەموو تاکێک مافى ئەوەى هەیە لە بارودۆخێکى ژینگەیى پاکدا بژى.
دووەم: دەوڵەت پاراستنى ژینگەو هەمەجۆرى زیندەوەران لە ئەستۆ دەگرێت.
 

 

 

مادەى (34)
یەکەم: فێرکردن هۆکارێکى سەرەکیە بۆ بەرەوپێشچوونى کۆمەڵگەو مافێکە دەوڵەت دابینى دەکات، لە قۆناغى سەرەتاییدا بە زۆرەملێیەو دەوڵەتیش لەناوبردنى نەخوێندەوارى لە ئەستۆ دەگرێت.
دووەم: خوێندنى بە خۆڕایى مافى هەموو عێراقیەکانە لە قۆناغە جیاجیاکاندا.
سێیەم: دەوڵەت هانى لێکۆڵینەوەى زانستى دەدات بۆ مەبەستى ئاشتیانە بەو شێوەیەى خزمەتى مرۆڤایەتى بکات و سەرپەرشتى داهێنان و دۆزینەوەى نوآو سەرجەم جۆرەکانى بلیمەتى دەکات.
چوارەم: فێرکردنى تایبەت و ئەهلى دەستەبەردەکرێت و بەپێى یاسا ڕێکدەخرێت.
مادەى (35)
          دەوڵەت سەرپەرشتى چالاکى و دامودەزگا ڕۆشنبیریەکان دەکات بە شێوەیەک کە لەگەڵ مێژووى شارستانى و ڕۆشنبیرى عێراق بگونجێت، هەروەها سووردەبێت لەسەر پشتبەستن بە بیروبۆچۆنى ڕوناکبیریانەى ڕەسەنى عێراقى.
مادەى (36)
          ئەنجامدانى وەزرش مافى هەموو کەسێکە، هەروەها پێویستە دەوڵەت هانى چالاکیەکانى بکات و سـەرپـەرشتـى بـکات و پێداویستیەکانى بۆ دابین بکات.
 

 

 

بەشى دووەم
ئازادیەکان
 

 

 

مادەى (37)
یەکەم:
         ‌ڕ-         ئازادىو ڕێزى مرۆڤ پارێزراوە.
    ‌ب-          نابێت کەس دەستگیربکرێت یان لێکۆڵینەوەى لەگەڵ بکرێت تەنها بە پێى بڕیارى دادگا نەبێت.
   ‌ج-   هەموو جۆرەکانى سزادانى دەروونىو جەستەیىو مامەڵەى نامرۆڤانە قەدەغەیەو، هەر دانپێدانانێک بەزۆر یان هەڕەشە یان سزادان بێت هیچ بایەخێکى یاسایى نیە، زیانلێکەوتوو مافى ئەوەى هەیە بە پێى یاسا داواى قەرەبوو بکات لەو زیانە مادى و مەعنەویانەى کە لێى کەوتووە.
دووەم: دەوڵەت پارێزگارى تاک دەگرێتە ئەستۆ لە زۆرلێکردنى سیاسىو ئاینىو نابێت کەس لەبەر ئەو هۆکارانە دەستگیربکرێت.
سێیەم: کارکردنى بەزۆرەملێ (سوغرە)و بەندایەتىو بازرگانى بە بەندەوە قەدەغەیە، هەروەها بازرگانى بە ئافرەت و منداڵ و سێکسەوە قەدەغەیە.
 

 

 

مادەى (38)
          دەوڵەت ئەم خاڵانەى خوارەوە دەگرێتە ئەستۆ بەمەرجێک نەبێـتە هۆى تێکچوونى یاساو ئادابى گشتى:
یەکەم: ئازادى دەربڕین بە هەموو شێوەکان.
دووەم: ئازادى ڕۆژنامەگەرىو چاپکردن و ئاگادارىو ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوە.
سێیەم: ئازادى کۆبوونەوەو خۆپیشاندانى هێمنانە بە یاسا ڕێکدەخرێت.
 

 

 

مادەى (39)
یەکەم: ئازادى پێکهێنانى کۆمەڵەو پارتە سیاسیەکان یان پەیوەندى پێوەکردنیان پارێزراوەو بە یاسا ڕێکدەخرێت.
دووەم: نابێت کەس ناچار بکرێت بۆ بوونە ئەندام لە هیچ پارتێک یان کۆمەڵەیەک یان لایەنێکى سیاسى یان ناچار بکرێت بۆ بەردەوام بوون لە ئەندامێتى تێیدا.
 

 

 

مادەى (40)
          ئازادى پەیوەندیکردن و ناردنى نامەى پۆستەیىو تەلەفۆنىو ئەلەکترۆنىو بروسکەو جۆرەکانى دیکە پارێزراوەو نابێت چاودێرى بکرێت یان گوێى لێ بگێرێت یا ئاشکرا بکرێت تەنها لەبەر پێویستى یاسایى یان ئاسایش و بە پێى بڕیاری دادگا نەبێت.
 

 

 

مادەى (41)
          عێراقیەکان ئازادن لە پابەندبوون بە بارى کەسێتیان بە پێى ئاین و ئاینزاو بیروباوەڕو هەڵبژاردنى خۆیان، ئەمەش بە یاسا ڕێکدەخرێت.
 

 

 

مادەى (42)
هەر تاکێک مافى ئازادى بیر و باوەڕى هەیە.
 

 

 

مادەى (43)
یەکەم: شوێنکەوتووانى هەر ئایین و ئاینزایەک ئازادن لە:
ڕ‌-     ئەنجامدانى دروشمە ئاینیەکانیان لەوانەش دروشمەکانى حوسەینیە.
ب‌-     بەڕێوەبردنى ئەوقاف و کاروبارى دامو دەزگا ئاینیەکان، ئەمەش بە یاسا ڕێکدەخرێت.
دووەم: دەوڵەت ئازادى ئەنجامدانى پەرستشەکان و شوێنەکانى بەندایەتى دەپارێزێت.
 

 

 

 

 

مادەى (44)
یەکەم: هەموو عێراقیەک مافى ئازادى هاتوچۆو گەشتکردن و نیشتەجێبوونى هەیە لە ناوەوەو دەرەوەى عێراق.
دووەم: دەرکردن و دوورخستنەوەى عێراقى وبێبەشکردنى لە گەڕانەوە بۆ وڵات قەدەغەیە.
 

 

 

مادەى (45)
یەکەم: دەوڵەت سوور دەبێت لەسەر پتەوکردنى ڕۆڵى دەزگاکانى کۆمەڵگەى مەدەنىو پشتیوانیکردن و گەشەپێدان و سەربەخۆ بوونیان بەو شێوەیەى لەگەڵ میکانیزمە ئاشتیخوازەکاندا گونجاو بێت بەمەستى بەدیهێنانى ئامانجە ڕەواکانیان، ئەمەش بە یاسا ڕێکدەخرێت.
دووەم: دەوڵەت سوور دەبێت لەسەر گەشەدان بە هۆزە عێراقیەکان و گرنگى دەدات بە کاروباریان بەو شێوەیەى کە گونجاوبێت لەگەڵ ئاین و یاساو بەهێزکردنى بەها مرۆڤایەتیە جوانەکان بەجۆرێک کە ڕۆڵى هەبێت لە گەشەدان بە کۆمەڵگەى عێراقىو ڕآ بگرێت لەو نەریتە خێڵەکیانەى کە ناتەبان لەگەڵ مافى مرۆڤدا.
 

 

 

مادەى (46)
          جێبەجێکردنى هەریەکێک لەو ماف و ئازادیانەى لەم دەستورەدا هاتووە نابێت سنووردار بکرێت یان دیاریبکرێت تەنها بە یاسا یان بە پشت بەستن بە یاسا نەبێت، بەمەرجێک ئەو سنوردار کردن و دیاریکردنە ناوەرۆکى ماف و ئازادیەکان نەشێوێنێت.










 
 
 
 
POWERED BY ENG.A.K.ALSAADI