مـــرحبــا بــــك فـــي
سه‌رۆك نوجه‌یفی‌ ته‌قینه‌وه‌كانی‌ به‌غداو پارێزگاكانی‌ تر رسوا ده‌كات   *     سه‌رۆك نوجه‌یفی‌ سه‌باره‌ت به‌ باری‌ ئاسایش وره‌وشی‌ سیاسی عیراق په‌یوه‌ندی‌ به‌ مالكی‌ وبارزانییه‌وه‌ ده‌كات   *     دكتۆر ئه‌لسوهێل پیرۆزبایی‌ جه‌ژنی‌ ره‌مه‌زان له‌ گه‌لی‌ عیراق و ته‌واوی‌ موسڵمانان ده‌كات   *     به‌رێز عارف ته‌یفور بیرۆزبایی‌ له‌ كوردو ته‌واوی‌ گه‌لی‌ عیراق ده‌كات   *     سه‌رۆك نوجه‌یفی‌ بیرۆزبایی‌ جه‌ژنی‌ ره‌مه‌زان له‌گه‌لی‌ عیراق وته‌واوی‌ موسڵمانان ده‌كات   *       

بةندى سيَيةم

دەسەڵاتى فیدرالى
مادەى (47)
          دەسەڵاتى فیدرالى لە دەسەڵاتى یاسادانان و ڕاپەڕاندن و دادوەرى پێکدێت، ئەرکەکانى خۆى لەسەر بنەماى جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان پیادە دەکات.
بەشى یەکەم
دەسەڵاتى یاسادانان
مادەى (48)
          دەسەڵاتى یاسادانانى فیدرالى لە ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجومەنى فیدرالى پێکدێت.

  لقى یەکەم/ ئەنجومەنى نوێنەران
مادەى (49)
یەکەم: ئەنجومەنى نوێنەران لە ژمارەیەک ئەندام پێکدێت بە ڕێژەى یەک کورسى بۆ سەدهەزار کەس لە دانیشتوانى عێراق، نوێنەرایەتى گەلى عێراقى دەکەن بە گشتى. هەڵبژاردنیشیان بە ڕێگەى دەنگدانى ڕاستەوخۆو نهێنى دەبێت، ڕەچاوى نوێنەرایەتیکردنى سەرجەم پێکهاتەکانى گەلى عێراقیش دەکرێت.
دووەم: مەرجە ئەو کەسەى خۆى دەپاڵێوێت بۆ ئەندامێتى ئەنجومەنى نوێنەران، عێراقى بێت و بە تەواوى شایانى ئەو پۆستە بێت.
سێیەم: مەرجەکانى کاندیدەکان و دەنگدەران و هەرچى پەیوەندى بە هەڵبژاردنەوە هەیە بە یاسا دیاریدەکرێت.
چوارەم: یاساى هەڵبژاردن ڕێژەیەک بۆ بەشداربوونى ئافرەتان دادەنێت بەجۆرێک کە لە چارەکى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران کەمتر نەبێت.
پێنجەم : ئەنجومەنى نوێنەران یاسایەک دادەنێت بۆ چارەسەرکردنى بارەکانى گۆڕینى ئەندامان لە کاتى دەست لەکارکێشانەوە یان لەکار خستن یان مردندا.
شەشەم: نابێت لەیەک کاتدا کەسێک ئەندام بێت لە ئەنجومەنى نوێنەران و هەر کارێک یان پۆستێکى فەرمى دیکەى هەبێت.

مادەى (50)
          ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران سوێندى دەستوورى دەخوات لەبەردەم ئەنجومەندا پێش دەست بەکاربوون بەم شێوەیەى خوارەوە:
          " سوێند بێت بە خواى گەورە و مەزن، ئەرک و بەرپرسیاریەتى یاساییم بە لێبڕاوانەو دڵسۆزانە جێبەجێبکەم و پارێزگارى لە سەربەخۆیىو سەروەرى عێراق بکەم و بەرژەوەندى گەلەکەى لەبەرچاوبگرم و شەونخونى بکەم بۆ سەلامەتى زەوىو ئاسمان و ئاوو سامان و ڕژێمە دیموکراتىو فیدرالیەکەىو کار بکەم بۆ پارێزگارى لە ئازادیە گشتىو تایبەتیەکان و سەربەخۆیى دادگاو پابەند بوون بە جێبەجێکردنى یاساکان بە ئەمانەت و بێلایەنیەوە، خواش شایەتى ئەوەیە کە دەیڵێم."

مادەى (51)
          ئەنجومەنى نوێنەران پەیڕەوێکى ناوخۆ دادەنێت بۆ ڕێکخستنى کارەکانى.

مادەى (52)
یەکەم: ئەنجومەنى نوێنەران لە ماوەى سى (30) ڕۆژدا هەبوونى مەرجەکانى ئەندامێتى یەکلایى دەکاتەوە لەبەروارى تۆمارکردنى ناڕەزاییەوە بە زۆرینەى دوو لەسەر سێى دەنگى ئەندامانى.
دووەم: دەکرێت پلار (گعن)لە بڕیارى ئەنجومەن بدرێت لەبەردەم دادگاى باڵاى فیدرالیدا لەماوەى سى (30) ڕۆژ لە بەروارى دەرچوونى بڕیارەکەوە.

مادەى (53)
یەکەم: دانیشتنەکانى ئەنجومەنى نوێنەران بە ئاشکرا ئەنجام دەدرێت مەگەر لەبەر پێویستى وا بەباش زانرا بە نهێنى بێت.
دووەم: کۆنووسى دانیشتنەکان بەو هۆکارانە بڵاودەکرێتەوە کە ئەنجومەن پێى باشە.

مادەى (54)
          سەرۆک کۆمار بانگهێشتى ئەنجومەنى نوێنەران دەکات بۆ ئەنجامدانى دانیشتن بە فەرمایشێکى کۆمارى (مرسوم جمهوری) لە ماوەى پازدە ڕۆژ لە بەروارى پەسەندکردنى دەرەنجامى هەڵبژاردنە گشتیەکاندا. دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتى بەتەمەنترین ئەندام ئەنجامدەدرێت بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجومەن و هەردوو جێگرەکەى، وە نابێـت زیاتر لە ماوەی دیاریکراو درێژبکرێتەوە.

مادەى (55)
          ئەنجومەنى نوێنەران لە یەکەم دانیشتنى خۆیدا سەرۆک و دواتر جێگرى یەکەم و دووەم هەڵدەبژێرێت بە زۆرینەى ڕەهاى ئەندامانى ئەنجومەن لە ڕێگاى هەڵبژاردنى نهێنیەوە.

مادەى (56)
یەکەم: ماوەى خولى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران چوار ساڵى ڕۆژژمێریى دەبێت، ماوەکە لە یەکەم دانیشتنەوە دەست پێدەکات و بە کۆتایى هاتنى ساڵى چوارەم کۆتای دێت.
دووەم: هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى نوآ چل و پێنج ڕۆژ پێش بەروارى کۆتایى هاتن بە خولى هەڵبژاردنى ئەنجومەن دەست پێدەکات.

مادەى (57)
          ئەنجومەنى نوێنەران خولى بەستنى ساڵانەى هەیە بە دوو وەرزى یاسادانان، کە ماوەیان هەشت مانگەو پەیڕەوى ناوخۆ چۆنیەتى بەستنیان ڕووندەکاتەوە، ئەو وەزرەش کە بودجەى گشتى تێدا دەخرێـتەڕو تەواو نابێت تاوەکو ڕەزامەندى لەسەر نیشان نەدرێت.


مادەى (58)
یەکەم: سەرۆک کۆمار یان سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران یان سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران یان پەنجا ئەندام لە ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران دەتوانن بانگهێشتى ئەنجامدانى دانیشتنى نائاسایى بکەن و تەنها تایبەت دەبێت بەو بابەتانەى کە دانیشتنەکەى بۆ ئەنجامدراوە.
دووەم: وەرزى یاسادانانى خولێکى بەستنى ئەنجومەنى نوێنەران درێژدەکرێـتەوە بە مەرجێک لە سى (30) ڕۆژ زیاتر نەبێت، بۆ تەواوکردنى ئەرکە پێویستەکان، لەسەر داواى سەرۆک کۆمار یان سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران یان سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران یان پەنجا ئەندام لە ئەندامانى ئەنجومەن.


مادەى (59)
یەکەم: ڕێژەى یاسایى دانیشتنەکانى ئەنجومەنى نوێنەران بە ئامادەبوونى زۆرینەى ڕەهاى ژمارەى ئەندامەکانى دەبێت.
دووەم: بڕیارەکان لە ئەنجومەنى نوێنەران بە زۆرینەى سادە دەبێت پاش دڵنیابوون لە ڕێژەى یاسایى بەمەرجێک دەقێک نەبێت پێچەوانەى ئەمە بێت.
مادەى (60)
یەکەم: پڕۆژەى بڕیارەکان لەلایەن سەرۆک کۆمارو ئەنجومەنى وەزیرانەوە پێشکەش دەکرێت.
دووەم: یاسا پێشنیارکراوەکان لەلایەن دە ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران یان یەکێک لە لیژنە تایبەتمەندەکانیەوە پێشکەش دەکرێن.


مادەى (61)
          ئەنجومەنى نوێنەران ئەم کارانەى خوارەوەى لە ئەستۆدایە:
یەکەم: دانانى یاسا فیدرالیەکان.
دووەم: چاودێریکردنى دەسەڵاتى ڕاپەڕاندن.
سێیەم: هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار.
چوارەم: ڕێکخستنى پرۆسەى پەسەندکردنى پەیماننامەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیەکان بە دانانى یاسایەک کە لەلایەن زۆرینەى 3/2 ى دەنگى ئەندامانەوە پەسەند دەکرێت.
پێنجەم: نیشاندانى ڕەزامەندى لەسەر دامەزراندنى هەریەک لە:
    ‌ڕ-    سەرۆک و ئەندامانى دادگاى تێهەڵچوونەوەى فیدرالىو سەرۆکى داواکارى گشتىو سەرۆکى دەستەى سەرپەرشتیارى دادوەرى بە زۆرینەى ڕەها، لەسەر پێشنیارى ئەنجومەنى دادوەرى باڵا.
    ‌ب-          باڵوێزو خاوەن پلە تایبەتەکان لەسەر پێشنیارى ئەنجومەنى وەزیران.
   ‌ج-   سەرۆکى ئەرکانى سوپاو جێگرەکانىو ئەوانەى لە پلەى سەرکردەى تیپ(فیرقە) و بەرەو ژوورترن، هەروەها سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى لەسەر پێشنیارى ئەنجومەنى وەزیران.
شەشەم:
ڕ‌-  لێپرسینەوەى سەرۆک کۆمار بە پشت بەستن بە داوایەک کە تێیدا هۆکارى لێپرسینەوەکە ڕوونکرابێتەوە بە زۆرینەى ڕەهاى دەنگى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران.
ب‌-  بەخشینى سەرۆک کۆمار بە زۆرینەى ڕەهاى دەنگى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران لە ئەنجامدانى ئەرکەکەى، دواى سەرکۆنەکردنى لەلایەن دادگاى باڵاى فیدرالیەوە لە یەکێک لەم بارانەى خوارەوەدا:
1-    سوێند خواردنى دەستورى بە درۆ.
2-     پێشێلکردنى دەستور.
3-    ناپاکى (الخیانە)ى گەورە.
حەوتەم:
 ‌ڕ-    ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران دەتوانێت پرسیار ئاڕاستەى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران و وەزیرەکان بکات لەهەر بابەتێکدا لە بوارى پسپۆڕی ئەواندابێت و ئەوانیش هەموویان مافى ئەوەیان هەیە وەڵامى پرسیارەکانى ئەندامان بدەنەوە، تەنها ئەو کەسەش پرسیارى کردووە مافى ڕوونکردنەوەى هەیە.
‌ب-    لانى کەم بیست وپێنج ئەندام لە ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران بۆیان هەیە بابەتێکى گشتى بخەنەڕوو بۆتاوتوێکردن بەمەبەستى ڕوونکردنەوەى سیاسەت و کارى ئەنجومەنى وەزیران یان یەکێک لە وەزارەتەکان، بابەتەکەش پێشکەش بە سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران دەکرێت. سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران یان وەزیرەکان وادەیەک دادەنێن تا ئامادەبن لەبەردەم ئەنجومەنى نوێنەران بۆ تاوتوێکردنى بابەتەکە.
 ‌ج-       ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران بە ڕەزامەندى بیست و پێنج ئەندام مافى ئەوەى هەیە بانگێهشتنامەیەک ئاڕاستەى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران و وەزیرەکان بکات بۆ لێپرسینەوەیان لەو کاروبارانەى پەیوەندى بە پسپۆڕى ئەوانەوە هەیە، تاوتوێکردنەکەش ئەنجام نادرێت تاوەکو حەوت ڕۆژ تێپەڕ نەبێت بەسەر پێشکەش کردنى بانگهێشتنامەکەدا.
هەشتـەم:
           ‌ڕ-    ئەنجومەنى نوێنەران مافى ئەوەى هەیە متمانە بکێشێتەوە لە یەکێک لە وەزیرەکان بە زۆرینەى ڕەها، وەزیرەکەش بە لەکارلادراو دەژمێردرێت لە بەروارى بڕیارى کێشانەوەى متمانەوە. نابێت ئەم بابەتە بخرێتە ڕوو تەنها لەسەر ڕەزامەندى خۆى نەبێت یان بە داوایەک کە واژووى پەنجا ئەندامى پێوەبێت، لەئەنجامى تاوتوێکردنى بانگهێشتەکە کە ئاڕاستەى کراوە، ئەنجومەنیش بڕیارى خۆى نادات لەسەر داواکە تاوەکو بەلایەنى کەم حەوت ڕۆژ تێپەڕ نەبێت بەسەر بەروارى پێشکەش کردنى داواکاریەکەدا.
                       ‌ب-       
 
1- سەرۆک کۆمار مافى ئەوەى هەیە داوایەک پێشکەش بە ئەنجومەنى نوێنەران بکات بۆ متمانە کێشانەوە لە سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران.
2- ئەنجومەنى وەزیران لەسەر داواى 5/1 ى ئەندامانى دەتوانێت داواى متمانە کێشانەوە بکات لە سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران، نابێت ئەم داوایەش پێشکەش بکرێت لە دواى ئاراستەکردنى بانگهێشتنامەیەک نەبێت بۆ سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران و لەدواى تێپەڕبوونى بەلانى کەم حەوت ڕۆژ بەسەر پێشکەش کردنى داواکاریەکەدا.
3- ئەنجومەنى نوێنەران بڕیارى متمانە کێشانەوە لە سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران دەدات بە زۆرینەى ڕەهاى دەنگى ئەندامانى.


                        ‌ج-        حکومەت بە دەست لەکارکێشراو دادەنرێت لە کاتى متمانە کێشانەوە لە ئەنجومەنى وەزیراندا.
          ‌د-    لە کاتى متمانە کێشانەوە لە ئەنجومەنى وەزیران هەموو پێکەوە، سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان لە پۆستەکانیان بەردەوام دەبن بۆ بەڕێکردنى کاروبارى ڕۆژانە بۆ ماوەیەک کە لە سى (30) ڕۆژ تێپەڕ نەکات، تاوەکو پێکهێنانى ئەنجومەنى وەزیرانى نوآ، بە پێى بڕگەکانى مادەى (76) ئەم دەستورە.
          ‌ه-    ئەنجومەنى نوێنەران مافى بانگهێشتکردن و بەخشینى بەرپرسانى دەستە سەربەخۆکانى هەیە لە ئەرکەکانیان بەگرتنەبەرى هەمان ئەو ڕێوشوێنانەى بۆ  وەزیرەکان دەگیرێتەبەر بەزۆرینەى ڕەها.
نۆیــەم:
    ‌ڕ-   ڕەزامەندى لەسەر ڕاگەیاندنى شەڕو بارى نائاسایی بە زۆرینەى دەنگى 3/2ى ئەندامانى، لەسەر داواى هاوبەشى سەرۆک کۆمار و سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران.
  ‌ب-    ڕاگەیاندنى بارى نائاسایى بۆ ماوەى سى (30) ڕۆژ ە. دواى وەرگرتنى ڕەزامەندى، بوارى درێژکردنەوەى هەیە لە هەموو جارێکدا.
   ‌ج-   سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران دەسەڵاتى پێویستى دەدرێتێ بە شێوەیەک بتوانێت کاروبارى وڵات بەڕێوەبەرێت لە کاتى ڕڕگەیاندنى شەڕو بارى نائاساییدا، ئەم دەسەڵاتانەش بە یاسا ڕێکدەخرێت بە مەرجێک ناتەبا نەبێت لەگەڵ دەستووردا.
    ‌د-   سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران ڕێوشوێنى وەرگیراوو دەرەنجامەکان لە ماوەى ڕاگەیاندنى شەڕو بارى نائاساییدا دەخاتە بەردەمى ئەنجومەنى نوێنەران لە ماوەى پازدە ڕۆژ لە دواى کۆتایى هاتنیان.
مادەى (62)
یەکەم: ئەنجومەنى وەزیران پڕۆژەى یاساى بودجەى گشتىو حساباتى کۆتایی پێشکەش بە ئەنجومەنى نوێنەران دەکات تا بڕیاریان لەسەر بدرێت.
دووەم: ئەنجومەنى نوێنەران مافى ئەوەى هەیە بەندو بەشەکانى بودجەى گشتى بگۆڕێت و بڕى گشتى کەم بکاتەوەو لە کاتى پێویستدا پێشنیار بکات ئەنجومەنى وەزیران بڕى گشتى خەرجکراو زیاد بکات.


مادەى (63)
یەکەم: ماف و ئیمتیازەکانى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران و هەردوو جێگرەکەىو ئەندامانى ئەنجومەن بە یاسا دیاریدەکرێت.
دووەم:
  ‌ڕ-    ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران پارێزراوى(حێانە) هەیە دەربارەى ئەو بۆچوونانەى دەریدەبڕێت لە کاتى کۆبوونەوەکانداو ڕووبەڕووى دادگایى نابێتەوە لەوبارەیەوە.
 ‌ب-    نابێت ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران دەستگیر بکرێت لە ماوەى وەرزى یاساداناندا مەگەر تاوانبار کرابێت بە تۆمەتێک یان لە تاوانێکەوە گلابێت، دواى ڕەزامەندى ئەندامان بە هەڵگرتنى پارێزراویەتەکەى (حێانە) بە زۆرینەى ڕەها.
  ‌ج-   نابێت ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران دەستگیر بکرێت دواى ماوەى وەرزى یاسادانان مەگەر تۆمەتبارکرابێت بە ئەنجامدانى تاوانێک یاخود لە تاوانێکەوە گلابێت ، بە ڕەزامەندى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران بۆ لابردنى پارێزراوی (حێانە) کەى.


مادەى (64)
یەکەم: ئەنجومەنى نوێنەران بە زۆرینەى ڕەهاى دەنگى ئەندامەکانى هەڵدەوەشێتەوە لەسەر داواى سێیەکى(3/1) ئەندامانى یان لەسەرداواى ئەنجومەنى وەزیران و بە ڕەزامەندى سەرۆک کۆمار. نابێت ئەنجومەن هەڵبوەشێتەوە لە کاتى لێپرسینەوەى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیراندا.
دووەم: سەرۆک کۆمار لەکاتى هەڵوەشاندنەوەى ئەنجومەنى نوێنەراندا، داواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى گشتى دەکات لە وڵاتدا لە ماوەیەکدا کە لە شەست ڕۆژ تێپەڕ نەکات، هەروەها ئەنجومەنى وەزیران بەدەست لەکار کێشراو دادەنرێت، بەڵام لەکارەکانى بەردەوام دەبێت بۆ بەڕێکردنى کاروبارى ڕۆژانە.
لقى دووەم/ ئەنجومەنى فیدرالى
ماددەى (65)
      ئەنجومەنێکى یاسادانان پێکدەهێنرێت کە بە (ئەنجومەنى فیدرالى) ناودەبرێت،  نوێنەرانى هەرێم و ئەو پارێزگایانە لە خۆدەگرێت کە ناکەونە سنوورى هیچ هەرێمێکەوە ، پێکهاتەو مەرجەکانى ئەندامێتىو بوارى تایبەتمەندێتى ئەم ئەنجومەنەو هەرچى پەیوەندیدارە بەم بوارەوە بە یاسا ڕێکدەخرێت بە زۆرینەى دوو لە سێى 3/2 دەنگى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران.


بەشى دووەم
[ دەسەڵاتى ڕاپەڕاندن]


مادەى (66)
      دەسەڵاتى ڕاپەڕاندنى فیدرالى لە سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنى وەزیران پێکدێت، و بە پێى دەستور و یاسا دەسەڵاتەکانى پیادە دەکات.


لقى یەکەم: سەرۆک کۆمار


مادەى (67)
      سەرۆک کۆمار سەرۆکى وڵات و نیشانەى یەکپارچەیى نیشتمان و سەروەرى وڵاتە، هەوڵدەدات بۆ پابەند بوون بە دەستورو پارێزگارى لە سەربەخۆیىو سەروەرىو یەکێتىو پاراستنى خاکى عێراق بە پێى بڕگەکانى دەستور.


مادەى (68)
      پێویستە پاڵێوراو بۆ سەرۆک کۆمار ئەم مەرجانەى تێدابێت:
یەکەم: لە عێراق لە دایک بووبێت و دایک و باوکى عێراقى بن.
دووەم: لێهاتوویى تەواوى هەبێت و تەمەنى چل ساڵى تەواو کردبێت.
سێیەم: ناوبانگێکى باش و شارەزایى سیاسى هەبێت و بە پاکێـتى و سەرڕاستىو دادوەرىو دڵسۆزى بۆ نیشتمان ناسراو بێت.
چوارەم: حوکم نەدرابێت بە تاوانێک کە لەکەدارى بکات.


مادەى (69)
یەکەم: خۆپاڵاوتن بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار بە پێى یاسا ڕێکدەخرێت.
دووەم: هەڵبژاردنى جێگرێک یان زیاتر بۆ سەرۆک کۆمار بەپێى یاسا ڕێکدەخرێت.


مادەى (70)
یەکەم: ئەنجومەنى نوێنەران لە نێو پاڵێوراواندا سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێرێت بە زۆرینەى دوو لە سێى 3/2 دەنگىئەندامەکانى.
دووەم: ئەگەر هیچکام لە پاڵێوراوان دەنگى زۆرینەى پێویستى بەدەست نەهێنا، ئەوا کێبەڕکآ لە نێوان ئەو دوو پاڵێوراوەدا ئەنجام دەدرێت کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە، ئەو کەسەش زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنآ لە دەنگدانى دووەمدا بە دەبێت بە سەرۆک کۆمار.


مادەى (71)
      سەرۆک کۆمار لەبەردەم ئەنجومەنى نوێنەراندا سوێندى دەستوورى دەخوات بەو شێوەیەى لە مادەى (50) ى دەستووردا هاتووە.


مادەى (72)
یەکەم : ماوەى سەرۆکایەتى سەرۆک کۆمار چوار ساڵەو، دەکرێت تەنها بۆ یەک جارى تر هەڵببژێردرێتەوە.


دووەم :
‌ڕ.     ماوەى کارى سەرۆک کۆمار بە کۆتاییهاتنى خوولى ئەنجومەنى نوێنەران کۆتایى دێت.
‌ب. سەرۆک کۆمار بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنى ئەرکەکانى تاوەکو دواى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى نوآو ئەنجامدانى دانیشتن، بەو مەرجەى سەرۆک کۆمارى نوآ هەڵببژێردرێت لەماوەى سى (30) ڕۆژدا لە بەروارى ئەنجامدانى یەکەم دانیشتنى ئەنجومەنەوە.
‌ج. ئەگەر پۆستى سەرۆک کۆمار لەبەر هەر هۆیەک بەتاڵ بوو، سەرۆکێکى تر هەڵدەبژێردرێت بۆ تەواوکردنى ئەو ماوەیەى کە ماوە بۆ سەرۆکایەتى کۆمار.


مادەى (73)


سەرۆک کۆمار ئەم دەسەڵاتانەى خوارەوەى هەیە:


یەکەم: دەرکردنى لێبووردنى تایبەت لەسەر ڕاسپاردەى  سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران بەمەرجێک ئەوانە نەگرێتەوە کە بەهۆى مافى تایبەت و تاوانى  نێودەوڵەتىو تیرۆرو گەندەڵى دارایىو ئیداریەوە حوکمدراون.
دووەم:پەسەندکردنى پەیماننامەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیەکان پاش وەرگرتنى ڕەزامەندى ئەنجومەنى نوێنەران.
سێیەم:پەسەندکردن و دەرکردنى ئەو یاسایانەى ئەنجومەنى نوێنەران دایدەنێن،  یاساکانیش بە بەپەسەندکراو دەژمێردرێن پاش تێپەڕبوونى 15 ڕۆژ بەسەر ناردنیان بۆ سەرۆک کۆمار.
چوارەم: بانگهێشتکردنى ئەنجومەنى نوێنەران  بۆ کۆبوونەوە دواى پەسەندکردنى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان بەماوەیەکى دیاریکراو بەمەرجێک لە 15 ڕۆژ تێپەڕ نەکات.
پێنجەم: بەخشینى نیشانەو مەدالیا لەسەر ڕاسپاردەى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران و بەگوێرەى یاسا.
شەشەم : پەسەندکردنى باڵوێزەکان.
حەوتەم: دەرکردنى بەیاننامەى کۆمارى.
هەشتەم : پەسەندکردنى حوکمى لەسیدارەدان کەلەلایەن دادگا تایبەتمەندەکانەوە دەردەچێت.
نۆیەم : هەڵدەستێت بە ئەرکى سەرکردایەتى باڵاى هێزە چەکدارەکان بەمەبەستى پرۆتۆکۆلىو ئاهەنگ گێڕان.
دەیەم: هەر دەسەڵاتێکى تر کەلەم دەستوورەدا دیاریکرابێت.


مادەى (74)
   موچەو دەرماڵەى سەرۆک کۆمار بە پێى یاسا دیاریدەکرێت.


ماددەى (75)
یەکەم: سەرۆک کۆمار بۆى هەیە دەست لەکارکێشانەوەى خۆى بە نووسراو پێشکەش بە ئەنجومەنى نوێنەران بکات، دەست لەکارکێشانەوەکەش لەپاش حەوت ڕۆژ لە پێشکەشکردنى بە ئەنجومەنى نوێنەران کارى پێدەکرێت.
دووەم: یەکێک لە جێگرەکان جێى سەرۆک کۆمار دەگرێتەوە لەکاتى ئامادەنەبوونیدا.
سێیەم: لەکاتى نەبوونى سەرۆک کۆمار لەبەر هەرهۆیەک، جێگر جێگاى دەگرێتەوە، ئەنجومەنى نوێنەرانیش دەبێت سەرۆکێکى نوێ هەڵببژێرێت لەماوەیەکى دیاریکراو پاش چۆڵبوونى پۆستى سەرۆک کۆمار بەمەرجێک لە سی ڕۆژ تێپەڕ نەکات.
چوارەم: لەکاتى نەبوونى سەرۆک کۆماردا، سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران جێگاى دەگرێتەوە ئەگەر سەرۆک کۆمار جێگرى نەبوو. دەبێت سەرۆکێکى نوێ هەڵببژێردرێت لەماوەیەکى دیاریکراودا بەمەرجێک لە سی ڕۆژ تێپەڕ نەکات لەبەروارى بەتاڵبوونى ئەو پۆستەو بەگوێرەى بڕگەکانى ئەم دەستوورە.


لقى دووەم: ئەنجومەنى وەزیران


مادەى(76)
یەکەم: سەرۆک کۆمار کاندیدى ئەو فراکسیۆنە پەرلەمانیەى زۆرترین ئەندامى هەیە ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانى ئەنجومەنى وەزیران لەماوەى پازدە ڕۆژ لە بەروارى هەڵبژاردنى بە سەرۆک کۆمار.
دووەم: سەرۆک وەزیرانى ڕاسپێردراو ناوى وەزیرەکان دیاریدەکات لەماوەیەکى دیاریکراودا بەمەرجێک لە سی ڕۆژ تێپەڕ نەکات لەبەروارى ڕاسپاردنیەوە.
سێیەم: ئەگەر سەرۆک وەزیرانى ڕاسپێردراو نەیتوانى لەو ماوە دیاریکراوەى لە بەندى دووەمى ئەم مادەیەدا ئاماژەى پێکراوە حکومەت پێک بهێنێت، ئەوا سەرۆک کۆمار کەسێکى تر ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانى ئەنجومەنى وەزیران لەماوەى پازدە ڕۆژدا.
چوارەم: سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى ڕاسپێردراو ناوى وەزیرەکان و بەرنامەى حکومەت دەخاتە بەردەم ئەنجومەنى نوێنەران. پاش ئەوەى ئەنجومەنى نوێنەران بە زۆرینەى ڕەها ڕەزامەندى دەربڕى لەسەر یەکە بە یەکەى وەزیرەکان و بەرنامەى حکومەت، ئەوە ماناى ئەوەیە متمانە دراوەتە ئەنجومەنى وەزیران.
پێنجەم: ئەگەر متمانە نەدرا بە حکومەت، ئەوا لەماوەى پازدە ڕۆژدا سەرۆک کۆمار کەسێکى تر ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانى حکومەت.


مادەى(77)
یەکەم: سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران دەبێت هەمان مەرجە پێویستەکانى سەرۆک کۆمارى تێدابێت و هەڵگرى بڕوانامەى زانکۆ یان هاوتاکەى بێت و تەمەنى سىو پێنج ساڵى تەواو کردبێت.
دووەم: دەبێت وەزیر هەمان مەرجە پێویستەکانى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەرانى تێدابێت و هەڵگرى بڕوانامەى زانکۆ یان هاوتاکەى بێت.


مادەى(78)
سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران لێپرسراوى ڕاستەوخۆی پیادەکردنى سیاسەتى گشتى وڵات و سەرکردەى گشتى هێزەچەکدارەکانەو ئەنجومەنى وەزیران بەڕێوە دەبات و سەرۆکایەتى کۆبوونەوەکانى دەکات. مافى لەکارخستنى وەزیرەکانى هەیە بە ڕەزامەندى ئەنجومەنى نوێنەران.


مادەى(79)
سەرۆک وئەندامانى ئەنجومەنى وەزیران لەبەردەم ئەنجومەنى نوێنەراندا سوێندى دەستوورى دەخۆن بەو شێوازەى لە مادەى(50)ى دەستووردا هاتووە.


مادەى(80)
ئەنجومەنى وەزیران ئەم دەسەڵاتانەى خوارەوەى هەیە:
یەکەم: پلاندانان و جێبەجێکردنى سیاسەتى گشتى دەوڵەت و پلانە گشتیەکان و سەرپەرشتیکردنى کارى وەزارەتەکان و ئەو لایەنانەى بەهیچ وەزارەتێکەوە پەیوەست نین.
دووەم: پێشنیارکردنى پڕۆژەى یاسا.
سێیەم: دەرکردنى پێڕەوو ڕێنمایىو بریارەکان بەمەبەستى جێبەجێکردنى یاساکان.
چوارم: ئامادەکردنى پڕۆژەى بوودجەى گشتى و لێکدانەوەى کۆتایىو پلانەکانى گەشەپێدان.
پێنجەم:ڕاسپاردنى ئەنجومەنى نوێنەران بۆ ڕەزامەندى دەربڕین لەسەر دامەزراندنى بریکارى وەزیرەکان و باڵوێزەکان و خاوەن پلە تایبەتیەکان و سەرۆکى ئەرکانى سوپاو یاریدەدەرەکانىو ئەوانەى لەئاستى سەرکردەى(فیرقە)و بەرەو ژوورن و سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى نیشتمانىو سەرۆکى دەزگا ئەمنیەکان.
شەشەم: دانوستاندن لەسەر بەڵێننامەو ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیەکان و ئیمزاکردنیان یان هەرکەسێک ئەنجومەن ڕایبسپێرێت.


مادەى (81)
یەکەم: سەرۆک کۆمار جێگاى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران دەگرێتەوە لەکاتى چۆڵبوونى ئەو پۆستە لەبەر هەر هۆیەک.
دووەم: دەبێت سەرۆک کۆمار سەرۆک وەزیرانێکى تر ڕابسپێرێت لەماوەیەکى دیاریکراودا بەمەرجێک لەپازدە ڕۆژ تێپەرنەبێت بەگوێرەى بڕگەکانى مادەى (76)ى ئەم دەستوورە.


مادەى(82)
مووچەو دەرماڵەى سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان و ئەوانەى لەئاستیاندان بە یاسا ڕێکدەخرێت.


مادەى(83)
سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان پێکەوەو بەشێوەى تاکەکەسى لێپرسراون لەبەردەم ئەنجومەنى نوێنەراندا.


مادەى (84)
یەکەم: دیاریکردنى ئەرک و دەسەڵات و کارى دەزگاکانى ئاسایش و هەواڵگرى نیشتمانى بەیاسا ڕێکدەخرێت و دەبێت بەگوێرەى بنەماکانى مافى مرۆڤ کاربکەن و لەژێر چاودێرى ئەنجومەنى نوێنەراندا دەبن.
دووەم: دەزگاى هەواڵگرى نیشتمانى پەیوەست دەبێت بە ئەنجومەنى وەزیرانەوە.


مادەى(85)
ئەنجومەنى وەزیران پێڕەوى ناوخۆ بۆ خۆى دادەڕێژێت بەمەبەستى ڕێکخستنى بەڕێوەچوونى کارەکانى.


مادەى(86)
پێکهاتە و پۆست و تایبەتمەندێتى وەزارەتەکان و دەسەڵاتەکانى وەزیر بەیاسا ڕیکدەخرێت.




بەشى سێیەم
[دەسەڵاتى دادوەرى]


مادەى (87)
دەسەڵاتى دادوەرى سەربەخۆیەو دادگاکان بەڕێوەى دەبەن بەجیاوازى جۆرو پلەکانیانەوەو بڕیارەکانیان بەگوێرەى یاسا دەردەکەن.
مادەى(88)
دادوەرەکان سەربەخۆن و جگە لەیاسا لەژێر ڕکێفى هیچ دەسەڵاتیکى تردا نین. نابێت هیچ دەسەڵاتێک دەست بخاتە دادگاو کاروبارى دادپەروەریەوە.


مادەى(89)
دەسەڵاتى دادوەرى فیدرالى پێکدێت لە ئەنجومەنى دادوەریى باڵاو دادگاى فیدرالیى باڵاو دادگاى تێهەڵچوونەوەى فیدرالىو دەزگاى داواکارى گشتىو دەستەى سەرپەرشتیارى دادوەرىو دادگا فیدرالیەکانى تر کە بەپێى یاسا ڕێکدەخرێن.


لقى یەکەم: ئەنجومەنى دادوەریى باڵا


مادەى (90)
ئەنجومەنى دادوەریى باڵا بەڕێوەبردنى کاروبارى دەستە دادوەریەکان دەگرێتە ئەستۆ، یاسا پێکهاتەو تایبەتمەندىو ڕێساکانى کارکردنى ڕووندەکاتەوە.


مادەى(91)
ئەنجومەنى دادوەریى باڵا ئەم دەسەڵاتانەى خوارەوەى هەیە:
یەکەم: بەڕێوەبردنى کاروبارى دادوەرىو سەرپەرشتیکردنى دادوەریى فیدرالى.
دووەم: پاڵاوتنى سەرۆک و ئەندامانى دادگاى تێهەڵچوونەوەى فیدرالىو سەرۆکى داواکارى گشتى و سەرۆکى دەستەى سەرپەرشتیکارى دادوەرى و پێشکەشکردنى ناوەکان بۆ ئەنجومەنى نوێنەران بە مەبەستى ڕازیبوون لەسەر دامەزراندیان.
سێیەم: پێشنیارکردنى پڕۆژەى بوودجەى ساڵانەى دەسەڵاتى دادوەریى فیدرالىو پێشکەشکردنى بە ئەنجومەنى نوێنەران بۆ ڕەزامەندى دەربڕین لەسەرى.


لقى دووەم: دادگاى باڵاى فیدرالیى


مادەى (92)
یەکەم: دادگاى فیدرالیى باڵا دەستەیەکى دادوەرى سەربەخۆیە لەڕووى دارایىو بەڕێوەبردنەوە.
دووەم: دادگاى فیدرالیى باڵا لە ژمارەیەک داوەرو پسپۆڕى بوارى فیقهى ئیسلامى و یاساناس پێکدێت. دیاریکردنى ژمارەو شێوازى هەڵبژاردن وکارى داگاکە بە یاسا ڕێکدەخرێت بەزۆرینەى دوولە سێى 3/2 ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران.


مادەى(93)
دادگاى فیدرالیى باڵا تایبەتە بەم بوارانەوە:
یەکەم: چاودێریکردنى ڕادەى دەستوورى بوونى یاساو پێڕەوە کارپێکراوەکان.
دووەم: لێکدانەوەى دەقەکانى دەستوور.
سێیەم: یەکلاییکردنەوەى ئەو کێشانەى لە ئەنجامى جێبەجێکردنى بڕیارەکانى حکومەتى فیدرالیەوە دروست دەبن و ئەو بڕیارو پێڕەوو ڕێنمایىو ڕێوشوێنانەى لە دەسەڵاتى فیدڕاڵیەوە دەردەچن، یاساش ماف دەدات بە هەریەک لە ئەنجومەنى وەزیران و کەسانى خاوەن پلەو ئەوانى دى کە ڕاستەوخۆ لە دادگا ڕەخنە لەو بڕیارانە بگرن.
چوارەم: یەکلاکردنەوەى ئەو دووبەرەکیانەى لەنێوان حکومەتى فیدرالىو حکومەتى هەرێمەکان و پارێزگاو شارەوانىو ئیدارە ناوخۆییەکان ڕوودەدات
پێنجەم: یەکلاکردنەوەى ئەو دووبەرەکیانەى لەنێوان حکومەتى هەریمەکان یان پارێزگاکان ڕوودەدات.
شەشەم: یەکلاکردنەوەى ئەو تۆمەتانەى دراونەتە پاڵ سەرۆک کۆمارو سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران و وەزیرەکان، ئەمەش بە یاسا ڕێکدەخرێت.
حەوتەم:.پەسەندکردنى ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردنە گشتیەکان بۆ ئەندامێتى ئەنجومەنى نوێنەران
هەشتەم:
   ڕ- یەکلاییکردنەوەى ناکۆکى لە نێوان بوارى کارى دادگاى فیدرالىو دەستەى دادوەرى هەرێم و پارێزگاکان کە ناکەونە سنورى پارێزگاکان.
   ب- یەکلاییکردنەوەى ناکۆکى لە بوارى کارى دەستەى دادوەرى هەرێمەکان و پارێزگاکان کە ناکەونە سنورى هەرێمەکانەوە.


مادەى(94)
بڕیارەکانى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى یەکلاکەرەوەیەو دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەکان پێوەى پابەندبن.


لقى سێیەم: حوکمە گشتیەکان


مادەى(95)
پێکهێنانى دادگاى تایبەت و هەڵاوێرى (استپنائیە) قەدەغەیە.


مادەى(96)
پێکهاتەى دادگاکان و جۆرو پلەو تایبەتمەندیەکانیان وچۆنێتى دامەزراندن و خزمەتى دادوەرەکان و ئەندامانى داواکارى گشتىو بەرزەفتکردن (اڵانڤباگ) و خانەنشینکردنیان بە یاسا ڕیکدەخرێت.



مادەى (97)
نابێت دادوەر لەسەرکار لاببرێت تەنیا لەو بارانەدا نەبێت کەیاسا دیاریان دەکات. هەروەها یاسا چەند حوکمێکى تایبەت بە دادوەران دیاریدەکات و لێپرسینەوەى ئاکاریانەیان لەگەڵدا ئەنجا دەدات.
مادەى(98)
دادوەرو ئەندامى داواکارى گشتى بۆیان نیە:
یەکەم: هەستن بەئەرکى دادوەرىو هەردوو ئەرکى یاسادانان و ڕاپەڕاندن یان هەر کارێکى تر لەیەک کاتدا.
دووەم: پەیوەندی بکەن بەهیچ حیزب و ڕێکخراوێکى سیاسیەوە، یان هەستن بە هەر چالاکیەکى سیاسى.
مادەى(99)
دادگاى سەربازى بەیاسا ڕێکدەخرێت. بوارى تایبەتمەندى دادگا سەربازیەکان دیاریدەکرێت کە تەنیا پەیوەندیان بە ئەو تاوانانەوە هەیە کە شێوازى سەربازیان هەیەو ئەندامانى هێزە چەکدارەکان و هێزەکانى ئاسایش ئەنجامیان دەدەن لەو سنوورەى یاسا دیاریدەکات.
مادەى (100)
دەقە یاساییەکان بۆیان نیە هیچ کارێک یان بڕیارێکى ئیدارى بەدوور بگرن لە ڕەخنەلێگرتن.
مادەى (101)
دەگونجێت بە یاسا ئەنجومەنێکى دەوڵەت پێکبهێنرێت تایبەتمەندبێت بە پۆستەکانى دادوەریى ئیدارىو فتوادان و داڕشتن و نوێنەرایەتیکردنى دەوڵەت و دەستە گشتیەکانى تر لەبەردەم لایەنەکانى دادوەریدا  تەنیا ئەوانە نەبێت کە بە یاسا هەڵاوێر دەکرێن.
لقى چوارەم
[دەستە سەربەخۆکان]
مادەى(102)
کۆمسیۆنى باڵاى مافەکانى مرۆڤ و کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان و دەستەى دەستپاکى (هیئە النزاهە)، سەربەخۆن و لەژێر چاودێرى ئەنجومەنى نوێنەراندان و کارەکانیان بەیاسا ڕێکدەخرێت.
مادەى (103)
یەکەم: هەریەکە لە بانکى ناوەندى عێراق و دیوانى چاودێرى دارایىو دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکان (إتێالات) و دیوانەکانى ئەوقاف لەڕووى دارایىو بەڕێوەبردنەوە سەربەخۆن و کارى هەریەکەیان بە یاسا ڕێکدەخرێت.
دووەم:بانکى ناوەندى عێراق بەرپرسە لەبەردەم ئەنجومەنى نوێنەراندا. دیوانى چاودێرى دارایىو دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکان پەیوەستن بە ئەنجومەنى نوێنەرانەوە.
سێیەم: دیوانەکانى ئەوقاف پەیوەستن بە ئەنجومەنى وەزیرانەوە.
مادەى(104)
دەزگایەک پێکدەهێنرێت بەناوى دەزگاى شەهید کە پەیوەستە بە ئەنجومەنى وەزیرانەوە. کارەکانى ئەو دەزگایەو بوارەکانى تایبەتمەندى بە یاسا ڕێکدەخرێت.
مادەى(105)
دەستەیەکى گشتى پێکدەهێنرێت بەمەبەستى پاراستنى مافى هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەى ناکەونە سنوورى هیچ هەرێمێکەوە بۆ بەشداریکردنیان بە شێوەیەکى داپەروەرانە لە بەڕێوەبردنى دامودەزگا  جۆراوجۆرەکانى حکومەتى فیدرالىو نێردەکان و زەمالەکانى خوێندن و شاندەکان و کۆنگرە هەرێمىو نێودەوڵەتیەکان. ئەم دەستەیەش پێکدێت لە نوێنەرانى حکومەتى فیدرالىو هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەى سەر بەهیچ هەرێمێک نین و ئەوەش بەیاسا ڕێکدەخرێت.
مادەى(106)
بەیاسا دەستەیەکى گشتى بۆ چاودێریکردن و تەرخانکردنى داهاتى فیدرالى دادەمەزرێنرێت. دەستەکە لە پسپۆڕانى حکومەتى فیدرالىو هەرێمەکان و نوێنەرانیان پێکدێت و ئەم لێپرسراویتیانەى هەیە:
یەکەم: دڵنیابوون لە دابەشکردنى دادگەرانەى باربوو و یارمەتىو قەرزە نێودەوڵەتیەکان بەگوێرەى پشکى هەریەکە لە هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەى ناکەونە سنوورى هیچ هەرێمێکەوە.
دووەم: دڵنیابوون لە بەکاربردن و دابەشکردنى داهاتى دارایى فیدرالى بەباشترین شێوە.
سێیەم: دڵنیابوون لە هەبوونى شەفافیەت و دادپەروەرى لەتەرخانکردنى پارەوپول بۆ حکومەتە هەرێمیەکان و ئەو پارێزگایان کە ناکەونە سنورى هەرێمەکانەوە بەپێى ئەو ڕێژانەى بڕیارى لەسەر دراوە.
مادەى(107)
ئەنجومەنێک پێکدەهێنرێت بەناوى ئەنجومەنى گشتیى خزمەتى فیدرالى کە ئەرکى ڕێکخستنى کاروبارى فەرمانبەرێتى گشتى فیدرالى دەگرێتە ئەستۆ لەوانەش دامەزراندن و بەرزکردنەوە، پیکهاتەو بوارەکانى تایبەتمەندێتى ئەنجومەنەکەش بە گوێرەى یاسا ڕێکدەخرێت.
مادەى(108)
دەکرێت دەزگاى سەربەخۆى دیکە پێکبهێرێن بە پێى پێویست و بەیاسا.









 
 
 
 
POWERED BY ENG.A.K.ALSAADI