مـــرحبــا بــــك فـــي
سه‌رۆك نوجه‌یفی‌ ته‌قینه‌وه‌كانی‌ به‌غداو پارێزگاكانی‌ تر رسوا ده‌كات   *     سه‌رۆك نوجه‌یفی‌ سه‌باره‌ت به‌ باری‌ ئاسایش وره‌وشی‌ سیاسی عیراق په‌یوه‌ندی‌ به‌ مالكی‌ وبارزانییه‌وه‌ ده‌كات   *     دكتۆر ئه‌لسوهێل پیرۆزبایی‌ جه‌ژنی‌ ره‌مه‌زان له‌ گه‌لی‌ عیراق و ته‌واوی‌ موسڵمانان ده‌كات   *     به‌رێز عارف ته‌یفور بیرۆزبایی‌ له‌ كوردو ته‌واوی‌ گه‌لی‌ عیراق ده‌كات   *     سه‌رۆك نوجه‌یفی‌ بیرۆزبایی‌ جه‌ژنی‌ ره‌مه‌زان له‌گه‌لی‌ عیراق وته‌واوی‌ موسڵمانان ده‌كات   *       

بەندى شەشەم

حوکمە کۆتایىء ئینتیقالیەکان


بەشى یەکەم
حوکمە کۆتاییەکان
مادەى (126)
یەکەم: سەرۆک کۆمارو ئەنجومەنى وەزیران پێکەوە یان پێنج یەکى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران مافى پێشنیارکردنى هەموارکردنى دەستووریان هەیە.
دووەم: نابێت ئەو بنەما بنەڕەتیانەى لە بەندى یەکەم و ماف و ئازادیانەى بەندى دووەم کە لەم دەستووردا هاتوون هەمواربکرێن مەگەر پاش دوو خولى هەڵبژاردنى ترو بە ڕەزامەندى  (3/2)ى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران لەسەرىو ڕازیبوونى گەل لە ڕێگاى ڕاپرسى گشتیەوەو پەسەندکردنى سەرۆک کۆمار لەماوەى حەوت ڕۆژدا.


سێیەم:نابێت ئەو مادانەى تر کە لە خاڵى دووەمى ئەم مادەیەدا ئاماژەیان پێنەکراوە هەموار بکرێن مەگەر پاش ڕازیبوونى (3/2)ى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران لەسەرىو ڕازیبوونى گەل لە ڕێگاى ڕاپرسى گشتیەوەو پەسەندکردنى سەرۆک کۆمار لەماوەى حەوت ڕۆژدا.


چوارەم: نابێت هیچ هەموارکردنێک لەو مادانەى دەستووردا ئەنجام بدرێت کە دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى ئەو دەسەڵاتانەى هەرێمەکان کە ناکەونە سنوورى دەسەڵاتە تایبەتەکانى حکومەتى فیدرالیەوە تەنیا بە ڕەزامەندى دەسەڵاتى یاسادانانى هەرێمى پەیوەندیدارو ڕەزامەندى زۆرینەى دانیشتوانى لە ڕێگاى ڕاپرسى گشتیەوە.
پێنجەم:
ڕ-هەموارکردنەکە بە پەسەندکراو دادەنرێت لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە پاش تێپەڕبوونى ئەو ماوەیەى لە بڕگەى (دووەم)و (سیێیەم) ى ئەم مادەیە ئاماژەى پێکراوە لەکاتى پەسەند نەکردنیدا.
ب-هەموارکردنەکە لە بەروارى بڵاوکرکردنەوەیەوە لە ڕۆژنامەى فەرمیدا کارى پێدەکرێت.


مادەى(127)
سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان و سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران و دوو جێگرەکەىو ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران و ئەندامانى دەسەڵاتى دادوەرىو خاوەن پلە تایبەتەکان بۆیان نیە دەسەڵاتى خۆیان بەکاربهێنن بۆ کڕین یان بەکرێگرتنى هیچ موڵکێکى دەوڵەت یان موڵکى خۆیانى پێ بفرۆشن یان بەکرێ بیدەنێ وەیان بیگۆڕنەوە یان گرێبەستێک لەگەڵ دەوڵەتدا ئەنجام بدەن بەناوى پابەندبوونى پێشتر یان هێنانى کەلوپەل یان بەڵێندەر.

مادەى (128)
یاساو حوکمە دادوەریەکان بەناوى گەلەوە دەردەکرێن.


مادەى (129)
یاساکان لە ڕۆژنامەى فەرمیدا بڵاودەکرێنەوەو لە ڕۆژى بڵاوکردنەوەیانەوە کاریان پێدەکرێت ئەگەر دەقێک نەبێت پێچەوانەى ئەمە بێت.


مادەى (130)
یاسا کارپێکراوەکان کاریان پێدەکرێت ئەگەر هەڵنەوەشێنرابێتنەوە یان هەموار نەکرابن بەگوێرەى حوکمەکانى ئەم دەستوورە.


مادەى (131)
ئەو ڕاپرسیانەى لەم دەستوورەدا هاتوون بە زۆرینەى سادەى دەنگدەران وەردەگیرێت  ئەگەر دەقێک نەبێت پێچەوانەى ئەمە بێت.


بەشى دووەم
حوکمە ئینتیقالیەکان
مادەى(132)
یەکەم: دەوڵەت چاودێرى بەندکراوە سیاسیەکان و زیانلێکەوتوانى کردە دڕندانەکانى ڕژێمى دیکتاتۆرى پێشوو دەگرێتە ئەستۆ.
دووەم: دەوڵەت قەرەبووى خانەوادەى شەهیدان و بریندارەکانى کردە تیرۆریستیەکان دەکاتەوە.
سێیەم: ناوەرۆکى بەندى یەکەم و دووەمى ئەم مادەیە بە یاسا ڕێکدەخرێت.


مادەى (133)
ئەنجومەنى نوێنەران لە دانیشتنى یەکەمى خۆیدا پشت بە پێرەوى ناوخۆى کۆمەڵەى نیشتمانیى عێراق دەبەستێت تا ئەو کاتەى پێرەوێک بۆ خۆى بڕیار دەدات.


مادەى (134)
دادگاى تاوانى باڵاى عێراق وەک دەستەیەکى دادوەرى سەربەخۆ بەردەوام دەبێت لەسەر ئەنجامدانى کارەکانى بۆ چاوخشاندنەوە بە تاوانەکانى ڕژێمى دیکتاتۆرى پێشووو سەرانى، ئەنجومەنى نوێنەران مافى هەڵوەشاندنەوەى دادگاى ناوبراوى هەیە بە یاسا پاش تەواوکردنى کارەکانى.


مادەى(135)
یەکەم: دەستەى باڵاى ڕیشەکێشکردنى بەعس وەک دەستەیەکى سەربەخۆ بەردەوام دەبێت لەسەر ئەنجامدانى کارەکانى  بە هەماهەنگى لەگەڵ دەسەڵاتى دادوەرىو دەزگاکانى ڕاپەڕاندن لەچوارچێوەى چەند یاسایەکى دیاریکراو بۆ کارەکانىو پەیوەست دەبێت بە ئەنجومەنى نوێنەرانەوە.
دووەم: ئەنجومەنى نوێنەران مافى هەڵوەشاندنەوەى ئەم دەستەیەى هەیە پاش تەواوکردنى ئەرکەکانى بەزۆرینەى ڕەها.
سێیەم: هەرکەسێک خۆى بپاڵێوێت بۆ پۆستى سەرۆک کۆمارو سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى وەزیران و سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران و سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى فیدرالىو پۆستە هاوشێوەکانیان لە هەرێمەکانداو ئەندامانى دەستە دادوەریەکان و ئەو پۆستانەى تر کە ڕیشەکێشکردنى بەعس بەگوێرەى یاسا دەیانگرێتەوە، نابێت یاساى ڕیشەکێشکردنى بەعس بیانگرێتەوە.
چوارەم: کارکردن بەو مەرجانەى لە بڕگەى سێیەمى ئەم مادەیەدا هاتووە بەردەوام دەبێت ئەگەر بە یاسا هەڵنەوەشێنرێتەوە.
پێنجەم: تەنها ئەندام بوون لە پارتى بەعسى هەڵوەشاو نابێتە بنەما بۆ ڕەوانەکردنى ئەو کەسە بۆ دادگاکان، هەروەها ئەندام مافى یەکسانى هەیە لەبەردەم یاساو پاراستنی، ئەگەر بڕگەکانى ڕیشەکێشکردنى بەعس و ئەو ڕێنماییانەى بە پێى ئەو بڕگانە دەرکراون نەیگرێتەوە.
شەشەم: ئەنجومەنى نوێنەران لیژنەیەکى نوێنەرایەتى پێکدەهێنێت لە ئەندامەکانى بۆ چاودێریکردن و پێداچوونەوەى ڕێوشوێنەکانى جێبەجێکردن لە دەستەى باڵاى ڕیشەکێش کردنى بەعس و دەزگاکانى دەوڵەت بۆ مسۆگەر بوونى دادپەروەرى و بابەتیبوون و شەفافیەت، هەروەها چاوخشاندنەوە بە ڕازیبوونى یاساکان، بڕیارەکانى لیژنەکەش ملکەچ دەبێت بە ڕەزامەندى ئەنجومەنى نوێنەرانەوە.


مادەى (136)
یەکەم: دەستەى داواکارى موڵکدارێتى وەک دەستەیەکى سەربەخۆ بەردەوام دەبێت لەسەر ئەنجامدانى کارەکانى  بە هەماهەنگى لەگەڵ دەسەڵاتى دادوەرىو دەزگاکانى ڕاپەڕاندنداو لەچوارچێوەى چەند یاسایەکى دیاریکراو بۆ کارەکانىو پەیوەست دەبێت بە ئەنجومەنى نوێنەرانەوە.
دووەم: ئەنجومەنى نوێنەران مافى هەڵوەشاندنەوەى ئەم دەستەیەى هەیە بە زۆرینەى دەنگى (3/2)ى ئەندامانى.


مادەى (137)
کارکردن بە حوکمى ئەو مادانەى تایبەتن بە ئەنجومەنى فیدرالیەوە لەهەر شوێنێک لەم دەستوورەدا ئاماژەى بۆ کرابێت دوادەخرێت تا کاتى  دەرچوونى بڕیارێک لە ئەنجومەنى نوێنەرانەوە بە زۆرینەى دەنگى (3/2)ى ئەندامانى لە خولى دووەمى هەڵبژاردنى خۆیدا کە پاش کارابوونى ئەم دەستوورە دەیبەستێت.


مادەى (138)
یەکەم: دەستەواژەى (ئەنجومەنى سەرۆکایەتى) جێگاى دەستەواژەى (سەرۆک کۆمار) دەگرێتەوە لە هەر شوێنێک لەم دەستوورەدا ئاماژەى بۆ کرابێت و خولێک پاش کارابوونى ئەم دەستوورە کار بە حوکمەکانى تایبەت بە سەرۆک کۆمار دەکرێت.
دووەم:
ڕ-ئەنجومەنى نوێنەران سەرۆکى وڵات و دوو جێگرەکەى هەڵدەبژێرێت و هەموویان پێکەوە ئەنجومەنێک پێکدەهێنن پێى دەوترێت (ئەنجومەنى سەرۆکایەتى) کە بە یەک لیست و بە زۆرینەى دەنگى (3/2)ى ئەندامان هەڵدەبژێردرێن.
ب-حوکمەکانى لەسەرکارلادانى سەرۆک کۆمار کە لەم دەستوورەدا هاتوون بەسەر سەرۆک و ئەندامانى دەستەى سەرۆکایەتیدا پیادە دەکرێن.
ج-ئەنجومەنى نوێنەران مافى لەسەرکارلادانى هەریەکە لە ئەندامانى ئەنجومەنى سەرۆکایەتى هەیە بە سێ چارەکى دەنگى ئەندامانى بەهۆى لەئاست نەبوون یان ناپاکیەوە.
د-لەکاتى چۆڵبوونى هەر پۆستێکى ئەنجومەنى سەرۆکایەتى، ئەنجومەنى نوێنەران بەزۆرینەى (3/2)ى دەنگى ئەندامانى کەسێکى تر بۆ شوێنەکەى هەڵدەبژێرێت.


سێیەم:مەرجەکانى ئەندامێتى ئەنجومەنى سەرۆکایەتى هەمان مەرجەکانى ئەندامێتیە لە ئەنجومەنى نوێنەراندا بەمەرجێک:


ڕ-تەمەنى 40 ساڵى تەواو کردبێت.
ب-ناوو شۆرەتى باش بێت و دەستپاک و دامەزراو بێت.
ج-دە ساڵ پێش ڕووخانى، حزبى بەعسى هەڵوەشاوەى بەجێهێشتبێت ئەگەر ئەندام بووبێت تیایدا.
د-نابێت بەشدارى کردبێت لە سەرکوتکردنەوەى ڕاپەڕینى ساڵى 1991 و ئەنفال و هیچ تاوانێکى دەرهەق بە گەلى عێراق ئەنجام نەدابێت.


چوارەم: ئەنجومەنى سەرۆکایەتى بە کۆى دەنگ بڕیارەکانى دەردەکات، هەر ئەندامێکێش دەتوانێت یەکێک لە دوو ئەندامەکەى دى لە جێى خۆى دابنێت.
پێنجەم:
ڕ-ئەو یاساو بڕیارانەى ئەنجومەنى نوێنەران دەیاندات ڕەوانەى ئەنجومەنى سەرۆکایەتى دەکرێت بەمەبەستى ڕەزامەندى دەربڕین لەسەریان بە کۆى دەنگ و دەرکردنى لەماوەى دە ڕۆژ لەبەروارى گەیشتنى جگە لەوانەى لە مادەى (118)و (119) ئاماژەیان پێکراوەو پەیوەندیان بە پێکهێنانى هەرێمەکانەوە هەیە.
ب-ئەگەر ئەنجومەنى سەرۆکایەتى ڕەزامەندى نیشان نەدا، یاسا و بڕیارەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنى نوێنەران بۆ دووبارە چاوپیاخشاندنەوەیان لەو بوارانەوە کە ناڕٍەزایى لەسەرە و دەنگدان لەسەرى بە زۆرینەیە، وە جارێکى دیکە ڕەوانەى ئەنجومەنى سەرۆکایەتى دەکرێتەوە بۆ نیشاندانى ڕەزامەندى لەسەرى.
ج-ئەگەر ئەنجومەنى سەرۆکایەتى ڕازى نەبوو لەسەر بڕیار و یاساکان بۆ جارى دووەم لەماوەى دە ڕۆژدا لە بەروارى گەیشتنیان، جارێکى تر دەگەڕێنرێنەوە بۆ ئەنجومەنى نوێنەران. لەم کاتەدا ئەنجومەنى نوێنەران مافى ئەوەى هەیە بە زۆرینەى (5/3)ى دەنگى ئەندامەکانى بڕیارى لێبدات، کە ئیتر ناتوانرآ ناڕەزایى لەسەر دەرببڕدرێت و بە پەسەندکراو دادەنرێت.
شەشەم: ئەنجومەنى سەرۆکایەتى ئەو دەسەڵاتانەى سەرۆک کۆمارى هەیە کە لەم دەستوردا ئاماژەیان پێکراوە.


مادەى (139)
لە خولى هەڵبژاردنى یەکەمدا سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران دوو جێگرى دەبێت.


مادەى (140)
یەکەم: دەسەڵاتـى ڕاپەڕاندن هەنگاوى پێویست دەنێت بۆ تەواوکردنى جێبەجێکردنى پێداویسیتەکانى مادەى (58) لە یاساى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بۆ قۆناغى گواستنەوە بە هەموو بڕگەکانیەوە.
دووەم: ئەو بەرپرسیاریەتیەى لەسەر شانى دەسەڵاتى ڕاپەڕاندنە لە حکومەتى ئینتیقالیدا کە لە مادەى (58) لە یاساى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بۆ قۆناغى گواستنەوەدا ئاماژەى پێکراوە، بەردەوام دەبێت و دەکەوێتە ئەستۆى دەسەڵاتى ڕاپەڕاندنى هەڵبژێردراو  بەگوێرەى ئەم دەستوورە بۆ ئەوەى بە تەواوى جێبەجێ بکرێت ( ئاساییکردنەوە، سەرژمێرى، لە کۆتاییدا ئەنجامدانى ڕاپرسى لە کەرکوک و ناوچەکانى تر کە ناکۆکیان لەسەرە بۆ دیاریکردنى ویستى هاوڵاتیان) لە ماوەیەکى دیاریکراودا کە لە مانگى 12/2007 تێپەڕ نەکات.


مادەى (141)
         کارکردن بەو یاسایانەى کە لە هەرێمى کوردستان لە ساڵى 1992 ەوە دەرکراوە بەردەوام دەبێت، بەهەمان شێوە ئەو بڕیارانەش کارپێکراون کە لە حکومەتى هەرێمى کوردستان دراون – لەوانەش بڕیارەکانى دادگا و گرێبەستەکان –ئەگەر هەموار نەکرابن یان هەڵنەوەشابنەوە بە پێى بڕیارەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەنى پەیوەندیدارەوە، بە مەرجێک پێچەوانەى دەستوور نەبێت.


مادەى (142)
یەکەم: ئەنجومەنى نوێنەران لەسەرەتاى کاریدا لیژنەیەکى تایبەت لە ئەندامانى پێکدەهێنێت کە نوێنەرایەتى پێکهاتە سەرەکیەکانى کۆمەڵگەى عێراقى بکات، ئەرکى بریتیە لە پێشکەشکردنى ڕاپۆرتێک بۆ ئەنجومەنى نوێنەران لە ماوەیەکدا کە لە چوار مانگ تێپەرنەکات، تێیدا ڕاسپاردەى پێویست لە خۆبگرێت سەبارەت بە هەموارکردنى پێویست کە دەکرێت لە دەستور ئەنجام بدرێت، لیژنەکەش هەڵدەوەشێنرێتەوە دواى ئەنجامدانى ئەرکەکانى.
دووەم: هەموارکردنە پێشنیارکراوەکان بە یەک جار دەخرێتە بەردەمى ئەنجومەنى نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەرى، هەروەها ئەو پێشنیارانەى بۆ هەموارکردن خراونەتە ڕوو بە پەسەندکراو دادەنرێن بە ڕەزامەندى زۆرینەى ڕەهاى ئەندامانى ئەنجومەن.
سێیەم: ئەو مادانەى کە بە پێى بڕگەى دووەمى ئەم مادەیە لەلایەن ئەنجومەنى نوێنەرانەوە هەموار کراوە دەخرێتە ڕوو بۆ گەل بەمەبەستى ئەنجامدانى ڕاپرسى لەسەرى، لە ماوەیەکدا کە لە دوو مانگ تێپەڕ نەکات لە بەروارى پەسەندکردنى لەلایەن ئەنجومەنى نوێنەرانەوە.
چوارەم: ڕاپرسیەکە لەسەر مادە هەموارکراوەکان بە سەرکەوتوو دادەنرێت ئەگەر زۆرینەى دەنگدەران ڕەزامەندى لەسەر نیشان بدەن، هەروەها 23ى دەنگدەران لە سآ پارێزگا یان زیاتر ڕەتى نەکەنەوە.
پێنجەم: بڕگەکانى ئەم مادەیە مادەى (126) ناگرێتەوە کە پەیوەندى هەیە بە هەموارکردنى دەستور تا کاتى کۆتاییهێنان بە ئەنجامدانى هەموارکردن کە لەم مادەیەدا ئاماژەى پێکراوە.
مادەى (143)
         یاساى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بۆ قۆناغى گواستنەوە و پاشکۆکەى هەڵدەوەشێنەوە لەپاش پێکهێنانى حکومەتى نوێ جگە لە بڕگەى (ا) ى مادەى (53) و مادەى(58).


مادەى (144)
         ئەم دەستورە دواى ئەوەى گەل ڕەزامەندى لەسەر نیشان دەدات لە ڕاپرسیەکى گشتیداو لە ڕۆژنامەى فەرمیدا بڵاوکردەکرێتەوە و ئەنجومەنى وەزیران بە پێى بڕگەکانى پێکدەهێنرێت،  پاشان کارى پێدەکرێت.










 
 
 
 
POWERED BY ENG.A.K.ALSAADI