مـــرحبــا بــــك فـــي
سه‌رۆك نوجه‌یفی‌ ته‌قینه‌وه‌كانی‌ به‌غداو پارێزگاكانی‌ تر رسوا ده‌كات   *     سه‌رۆك نوجه‌یفی‌ سه‌باره‌ت به‌ باری‌ ئاسایش وره‌وشی‌ سیاسی عیراق په‌یوه‌ندی‌ به‌ مالكی‌ وبارزانییه‌وه‌ ده‌كات   *     دكتۆر ئه‌لسوهێل پیرۆزبایی‌ جه‌ژنی‌ ره‌مه‌زان له‌ گه‌لی‌ عیراق و ته‌واوی‌ موسڵمانان ده‌كات   *     به‌رێز عارف ته‌یفور بیرۆزبایی‌ له‌ كوردو ته‌واوی‌ گه‌لی‌ عیراق ده‌كات   *     سه‌رۆك نوجه‌یفی‌ بیرۆزبایی‌ جه‌ژنی‌ ره‌مه‌زان له‌گه‌لی‌ عیراق وته‌واوی‌ موسڵمانان ده‌كات   *       

په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق

په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆ (لاپه‌ڕه‌ی‌ یه‌كه‌م)


به‌شی‌ یه‌كه‌م
چه‌ند یاسایه‌كی‌ گشتی‌
به‌ندی‌ ژماره‌(1)
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران عێراقی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادانان‌و چاودێری‌ باڵایه‌، ئه‌و كارانه‌ ئه‌نجام ده‌دات كه‌ له‌ ماده‌ی‌ (61)ی‌ ده‌ستور ئاماژه‌ی‌ پێكراوه‌ یان ئه‌و مادانه‌ی‌ تر كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌م خاڵه‌وه‌ هه‌یه‌.
به‌ندی‌ ژماره‌(2)
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌ 275 ئه‌ندام پێكدێت، كه‌ به‌پێی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردن هه‌ڵبژێردراون.
به‌ندی‌ ژماره‌(3)
یاساكانی‌ ئه‌م په‌یڕه‌وه‌ ئازادی‌ بیروڕاو بیركردنه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دابین ده‌كات، هه‌ر تێزێكی‌ سیاسی‌ یاخود حیزبیان هه‌بێت، به‌مه‌رجێك پێچه‌وانه‌ نه‌بێـت له‌گه‌ڵ ده‌ستور. هه‌روه‌ها مافی ئازادی‌ ئۆپۆسیزیۆنی‌ بابه‌تی‌‌و ڕه‌خنه‌ی‌ بنیاتنه‌ریان ده‌پارێزێ‌. له‌هه‌مانكاتدا چۆنیه‌تی‌ هاوكاری‌ نێوان ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و دام و ده‌زگا ده‌ستوریه‌كانی‌ دی‌ ڕێكده‌خات.
به‌ندی‌ ژماره‌(4)
ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران پابه‌ند ده‌بن به‌ ده‌ستورو ئه‌م په‌یڕه‌وی‌ ناخۆیه‌وه‌، له‌ گفتوگۆو ئه‌و بڕیارانه‌ی‌ كه‌ ده‌یده‌ن.

به‌شی‌ دووه‌م
ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران
به‌ندی‌ ژماره‌(5)
دانیشتنی‌ یه‌كه‌می‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌لایه‌ن به‌ ته‌مه‌نترین ئه‌ندام له‌ نێو ئاماده‌بووان سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت، ئه‌ركه‌كه‌شی‌ ته‌نها بریتیه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ دانیشتنی‌ یه‌كه‌م‌و هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆك‌و جێگره‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران. 
به‌ندی‌ ژماره‌(6)
ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران سوێندی‌ یاسایی‌ ده‌خۆن به‌م شێوه‌یه‌ی‌ خواره‌وه‌:
به‌ناوی‌ خوای‌ به‌خشنده‌ی‌ میهره‌بان
سوێند ده‌خۆم به‌خوای‌ گه‌وره‌ كه‌ ئه‌رك‌و به‌پرسیاریه‌تی‌ یاساییم به‌ لێبڕاویی‌‌و دڵسۆزیه‌وه‌ جێبه‌جێبكه‌م‌و پارێزگاری‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی‌‌و سه‌روه‌ری‌ عێراق بكه‌م‌و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌ی‌ له‌به‌رچاوبگرم‌و شه‌ونخونی‌ بكه‌م له‌سه‌ر پارێزگاری‌ ئاسمان‌و زه‌وی‌‌و ئاوو سامان‌و ڕژێمه‌ دیموكراتیه‌ فیدڕاڵیه‌كه‌ی‌‌و كاربكه‌م بۆ به‌دیهێنانی‌ ئازادیه‌ گشتی‌‌و تایبه‌تیه‌كان‌و سه‌ربه‌خۆیی‌ قه‌زاو پابه‌ند بوون به‌ جێبه‌جێكردنی‌ یاساكانی‌ به‌ ئه‌مانه‌ت‌و بێلایه‌نی‌، خوا شایه‌تی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌یڵێم.
به‌ندی‌ ژماره‌(7)
یه‌كه‌م:سه‌رۆكی‌ كاتی‌ ده‌رگای‌ خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی‌ واڵا ده‌كات.
دووه‌م:دوای‌ ته‌واو بوونی‌ ماوه‌ی‌ خۆپاڵاوتن، ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن‌و پاشان جێگری‌ یه‌كه‌م‌و دواتر جێگری‌ دووه‌م به‌ زۆرینه‌ی‌ ڕه‌های‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌ن به‌ شێوه‌ی‌ ده‌نگدانی‌ نهێنی‌ هه‌ڵده‌بژێرێت.
به‌ندی‌ ژماره‌(8)
یه‌كه‌م:سه‌رۆكی‌ كاتی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئاشكراده‌كات‌و بانگی‌ سه‌رۆك‌و هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی‌ ده‌كات بۆ شوێنی‌ تایبه‌ت به‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌.
دووه‌م:ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی‌ پێكدێت.
به‌ندی‌ ژماره‌(9)
ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌م ئه‌ركانه‌ی‌ خواره‌وه‌ جێبه‌جێده‌كات:
یه‌كه‌م: ڕێكخستنی‌ كارنامه‌ی‌ هه‌موو دانیشته‌نه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ هه‌مه‌ئاهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندیدار یان نوێنه‌ری‌ لیژنه‌كان‌و دابه‌شكردنی‌ به‌سه‌ر ئه‌ندامان‌و ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌‌و ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران لانی‌ كه‌م پێش ئه‌نجامدانی‌ دانیشتنه‌كه‌ به‌ دوو ڕۆژ، به‌مه‌رجێك ده‌ستور واده‌ی‌ تری‌ دیاری‌ نه‌كردبێت، له‌گه‌ڵ هاوپێچكردنی‌ ئه‌و پڕۆژه‌و پێشنیارو ڕاپۆرتانه‌ی‌ كه‌ مایه‌ی‌ تاوتوێكردنه‌ به‌ ڕه‌چاوكردنی‌ ئه‌وه‌ی‌ پێشینه‌ بدرێت به‌و پڕۆژه‌ یاسایانه‌ی‌ كه‌له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ پێشكه‌شكراوه‌ بۆ تاوتوێكردن‌و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ته‌واوبووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و بابه‌ته‌ گرنگانه‌ی‌ كه‌ ده‌گوزه‌رێ‌.
دووه‌م: په‌سه‌ندكردنی‌ كۆنووسی‌ دانیشتنی‌ پێشووی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.
سێیه‌م: دانانی‌ یاسای‌ تایبه‌ت به‌ ڕێكخستنی‌ كۆنووسه‌كان.
چواره‌م:یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ پسپۆری‌ لیژنه‌كان له‌ كاتی‌ دروستبوونی‌ ناكۆكی‌ سه‌باره‌ت به‌و كێشانه‌ی‌ كه‌ ئاڕاسته‌یان ده‌كرێت.
پێنجه‌م: ئاماده‌كردنی‌ پلانی‌ كاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و پێكهاته‌ كارگێڕیه‌كانی‌‌و به‌دواداچوونی‌ جێبه‌جێكردنی‌ پاش بڕیاردان له‌سه‌ری‌.
شه‌شه‌م: بڕیاردان له‌سه‌ر په‌یكه‌ری‌ دیوانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و ئه‌نجامدانی‌ گۆڕانكاری‌ تێیدا، هه‌روه‌ها دیاریكردنی‌ سیاسه‌تی‌ به‌ڕێوه‌بردن‌و داراییه‌كه‌ی‌‌و ئاگاداركردنی‌ ئه‌ندامانیش له‌وباره‌یه‌وه‌. 
حه‌وته‌م: ڕێكخستنی‌ بودجه‌ی‌ ساڵانه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و خستنه‌ڕووی‌ بۆ ئه‌نجومه‌ن به‌مه‌به‌ستی‌ په‌سه‌ندكردنی‌‌و هه‌روه‌ها سه‌په‌رشتی‌ جێبه‌جێكردنی‌‌و گۆڕینی‌ به‌شه‌كانی‌.
هه‌شته‌م: ڕاسپاردنی‌ یه‌كێك له‌ لیژنه‌كان به‌ ئه‌نجامدانی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌یه‌كی‌ دیاریكراو.
نۆیه‌م: ڕێكخستنی‌ په‌یوه‌ندی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌‌و ئه‌نجومه‌نی‌‌و ‌وه‌زیران‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ دادگا.
ده‌یه‌م:ڕێكخستنی‌ په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی‌ یاسادانانی‌ هه‌رێمه‌كان‌و ئه‌نجومه‌نی‌ ئه‌و پارێزگایانه‌ی‌ كه‌ له‌ هه‌رێمه‌كاندا ڕێكنه‌خراون.
یازده‌هه‌م: رێكخستنی‌ په‌یوه‌ندی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ كۆمه‌ڵه‌‌و  ئه‌نجومه‌ن‌و په‌رله‌مانی‌ وڵاتانی‌ دۆست‌و یه‌كێتی‌ په‌رله‌مانه‌كان كه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران  په‌یوه‌ندی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیان.
دوازه‌هه‌م:
أ - سه‌رۆك‌و هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی‌ له‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ڕێكده‌كه‌ون له‌سه‌ر سه‌رپه‌رشتیكردن‌و چاودێری‌ له‌سه‌ر سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران‌و كارمه‌ندانی‌ دیوانی‌ ئه‌نجومه‌ن‌و هه‌روه‌ها له‌ گرتنه‌به‌ری‌ بڕیاری‌ په‌یوه‌ندیدار به‌ دامه‌زراندن‌و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات به‌و شێوه‌یه‌ی‌ كه‌ بنه‌مای‌ هاوسه‌نگی‌‌و هه‌لی‌ یه‌كسان بۆ سه‌رجه‌م عێراقیه‌كان به‌دی‌ بێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ پۆسته‌كانی‌ ده‌وڵه‌ت. له‌گه‌ڵ گرتنه‌به‌ری‌ ئه‌و بڕیارانه‌ی‌ كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ به‌رزكردنه‌وه‌و گواستنه‌وه‌ی‌ خزمه‌ت‌و خانه‌نشینكردن‌و برزه‌فتكردن (انچباگ) به‌پێی‌ ئه‌و یاسایانه‌ی‌ كه‌ له‌ ده‌وڵه‌ت كاری‌ پێده‌كرێ‌. فه‌رمانه‌كانیش به‌ واژوی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن ده‌بێـت، یان ئه‌و كه‌سه‌ی‌ جێی‌ ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌نجومه‌ن ئاماده‌ نه‌بوو.
ب – ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئاماده‌نه‌بوو، ئه‌وا بڕیاره‌كان به‌ ڕێككه‌وتنی‌ ئه‌و دوو ئه‌ندامه‌ ده‌بێت كه‌ ئاماده‌ن.
سێزده‌هه‌م: دیاریكردنی‌ دوو سكرتێر له‌ نێو ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌ن.
چوارده‌هه‌م: گرتنه‌به‌ری‌ بڕیار سه‌باره‌ت به‌ گه‌شتكردنی‌ فه‌رمی‌ ئه‌ندامانی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌‌و ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بۆ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ لیسته‌ په‌رله‌مانیه‌كان.
پازده‌هه‌م: ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ سه‌رپه‌رشتی فه‌رمانگه‌ی‌ توێژینه‌وه‌ ده‌كات‌و بێلایه‌نیبوونی‌ ده‌پارێزێت.
به‌ندی‌ ژماره‌(10)
سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران یان هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بانگهێشتی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات بۆ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئاسایی‌، هه‌روه‌ك سه‌رۆك یان هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌توانن ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ بانگهێشت بكه‌ن بۆ كۆبوونه‌وه‌ی‌ نائاسایی‌. دانیشتنی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیش یاسایی ده‌بێت به‌ ئاماده‌بوونی‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌سته‌كه‌.
به‌ندی‌ ژماره‌(11)
یه‌كه‌م: له‌ كاتێكدا كه‌ سه‌رۆك یان جێگره‌كانی‌ نه‌یانتوانی‌ ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێبكه‌ن، یه‌كێكی‌ دیكه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ كاتی‌‌و به‌زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ هه‌ڵده‌بژێردرێت له‌ نێوان ئاماده‌بووان بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.
دووه‌م:سه‌رۆك یان هه‌ردوو جێگره‌كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ داوای‌ ئه‌نجامدانی‌ دانیشتنی‌ ئه‌نجومه‌ن ده‌كه‌ن به‌پێێ‌ ئه‌و به‌رنامه‌ی دانیشتنه‌ كه‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌سه‌ری‌ ڕێكده‌كه‌وێت.
سێیه‌م: دانیشتنه‌كان به‌ ڕێككه‌وتن یان ڕێككه‌وتنی‌ سه‌رۆك له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ جێگره‌كان كۆتایی پێده‌هێنرێت.
به‌ندی‌ ژماره‌(12)
یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌ستی‌ له‌كار كێشایه‌وه‌، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانه‌وه‌ به‌زۆرینه‌ی‌ ده‌نگی‌ ئاماده‌بووان ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌كه‌ی‌ وه‌رده‌گیرێت.
دووه‌م: ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌توانێت هه‌ر ئه‌ندامێكی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌سه‌ركار لاببات به‌پێی‌ یاسا.
سێیه‌م: ئه‌گه‌ر پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن یان یه‌كێك له‌ دوو جێگره‌كه‌ی‌ به‌تاڵ‌ بوو له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت، ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران كه‌سێك له‌ جیاتی‌ هه‌ڵده‌بژێرێت له‌یه‌كه‌م دانیشتن كه‌ ئه‌نجامی‌ ده‌دات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ پۆسته‌كه‌ به‌پێی‌ پرنسیپی‌ هاوسه‌نگی‌ سیاسی نێوان لیسته‌كان. 

به‌شی‌ سێیه‌م
ئه‌ندامێتی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌راندا
به‌ندی‌ ژماره‌(13)
پێویسته‌ ئه‌م مه‌رجانه‌ی‌ خواره‌وه‌ له‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌راندا هه‌بێت:
یه‌كه‌م: پێویسته‌ عێراقی‌ بێت‌و لێهاتوویی ته‌واوی‌ تێدابێت به‌پێی‌ ماده‌ی‌ (49) بڕگه‌ی‌ دووه‌م له‌ ده‌ستور.
دووه‌م: نابێت بڕگه‌كانی‌ یاسای‌ ڕیشه‌كێشكردنی‌ به‌عس بیگرێته‌وه‌ به‌پێی‌ ماده‌ی‌ (135) بڕگه‌ی‌ سێیه‌م له‌ ده‌ستور.
سێیه‌م:ئه‌و مه‌رجانه‌ی‌ تری‌ تێدابێت كه‌ له‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردن ئاماژه‌ی‌ پێكراوه‌.
به‌ندی‌ ژماره‌(14)
پاڵێوراو له‌ به‌رواری‌ په‌سه‌ندكردنی‌ ده‌ره‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران داده‌نرێت‌و سه‌رجه‌م مافه‌كانی‌ ئه‌ندامێتیشی‌ ده‌بێت. له‌ دوای‌ سوێندی‌ یاساییش ده‌ست به‌كار ده‌بێـت. 
به‌ندی‌ ژماره‌(15)
ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ ده‌ست له‌ كار كێشراوه‌ داده‌نرێت‌و مافه‌كانی‌ ئه‌ندامێتی‌ نامێنێ‌ ، ئه‌گه‌ر بووه‌ ئه‌ندام له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ یان ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران. 
به‌ندی‌ ژماره‌(16)
ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌بێت پابه‌ند بێت به‌م خاڵانه‌ی‌ خواره‌وه‌:
یه‌كه‌م: ئاماده‌بوون له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و ئه‌و لیژنانه‌ی‌ ئه‌ندامه‌ تێیدا ته‌نها مه‌گه‌ر به‌ بیانوویه‌كی‌ یاسایی نه‌بێت كه‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران یان سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ دیاری‌ ده‌كات. 
دووه‌م: كاتێك ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات ده‌بێت ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئاگادار بكات.
به‌ندی‌ ژماره‌(17)
یه‌كه‌م: سه‌رۆك ده‌توانێت مۆڵه‌تی‌ ئاسایی‌ بدات به‌ ئه‌ندام كه‌ له‌ (15) ڕۆژ تێپه‌ڕنه‌كات له‌ ماوه‌ی‌ خوولێكی‌ ساڵانه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.
دووه‌م: ئه‌ندام ده‌توانێت مۆڵه‌تی‌ نه‌خۆشی‌ وه‌ربگرێت به‌ پێی‌ یاسا، هه‌روه‌ها ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ باری‌ منداڵبوون دیاری‌ ده‌كات.
سێیه‌م: ماوه‌ی‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات به‌ كاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ نه‌هاتن دانانرێت.
به‌ندی‌ ژماره‌(18)
یه‌كه‌م: تۆماری‌ ئاماده‌بوون‌و نه‌هاتنی‌ ئه‌ندامان ده‌نووسرێت‌و له‌ بڵاوكراوه‌ی‌ ئاسایی ئه‌نجومه‌ن و یه‌كێك له‌ ڕۆژنامه‌كاندا بڵاوده‌كرێته‌وه‌.
دووه‌م: له‌ كاتێكدا ئه‌ندام پێنج جار به‌دوای‌ یه‌كدا یان ده‌جار به‌شێوه‌ی پچڕپچڕ له‌ماوه‌ی‌ خوولی‌ یاسادانانی‌ ساڵێكدا به‌بێ‌ بیانووی‌ یاسایی‌ ئاماده‌ نه‌بوو، ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌توانێت به‌ نووسراوێك ئاگاداری‌ بكاته‌وه‌و تێیدا داوای‌ پابه‌ند بوونی‌ لێبكات. له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌ندام ئاماده‌نه‌بوو له‌به‌رده‌م ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیدا، كێشه‌كه‌ ده‌خرێته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌سه‌ر داوای‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.
سێیه‌م: ئه‌گه‌ر له‌بارێكدا ئه‌ندام ئاماده‌نه‌بوو له‌ دانیشتنێكی‌ ئه‌نجومه‌ندا ڕێژه‌یه‌كی‌ دیاریكراو له‌ ده‌رماڵه‌كه‌ی‌ ده‌بڕدرێت.
به‌ندی‌ ژماره‌(19)
یه‌كه‌م: ناكرێت له‌ یه‌ك كاتدا ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران  كارێكی‌ تر یان پۆستێكی‌ فه‌رمی‌ دیكه‌ی‌ هه‌بێت.
دووه‌م: ناكرێت ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌ندامیش بێت له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ یاسادانانی‌ هه‌رێمه‌كان یان ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان. پێویسته‌ ئه‌ندام یه‌كێك له‌و دوو پۆسته‌ هه‌ڵبژێرێت، ئه‌گه‌ر بێده‌نگ بوو ئه‌وا به‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران داده‌نرێت.
سێیه‌م: نابێت ئه‌ندام له‌گه‌ڵ‌ فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان بۆ خۆی‌ یان له‌ ڕێی‌ كه‌سێكی‌ دیكه‌ گرێبه‌ند ببه‌ستێ‌ له‌كاتی‌ ئه‌ندامێتی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، هه‌روه‌ها نابێت ئه‌ندامبوونی‌ به‌كاربهێنێت بۆ مه‌به‌ستی‌ تایبه‌تی‌.
به‌ندی‌ ژماره‌(20)
یه‌كه‌م: ئه‌ندام لێی‌ ناپرسرێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و بۆچوونانه‌ی‌ ده‌ری‌ ده‌بڕێ‌ یان هه‌ر كارێك ئه‌نجامی‌ ده‌دات له‌ كاتی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌ركه‌كانی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.
دووه‌م: نابێت ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌ستگیر بكرێت له‌ ماوه‌ی‌ وه‌رزی‌ یاساداناندا مه‌گه‌ر به‌تاوانێك تۆمه‌تبار بكرێت، به‌ڕه‌زامه‌ندی‌ زۆرینه‌ی‌ ڕه‌هاش پارێزگاری‌ یاسایی (حصانه‌)ی‌ لێوه‌رده‌گیرێته‌وه‌، یاخود ئه‌گه‌ر له‌كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ تاوانێك ده‌ستگیربكرێت.
سێیه‌م: نابێت ئه‌ندام له‌ پاش وه‌رزی‌ یاسادانان ده‌ستگیربكرێت  مه‌گه‌ر به‌تاوانێك تۆمه‌تباركرابێت‌و به‌ڕه‌زامه‌ندی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران پارێزگاری‌ یاسایی (حصانه‌)ی‌ لێوه‌رده‌گیرێته‌وه‌، یاخود ئه‌گه‌ر له‌كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ تاوانێك ده‌ستگیربكرێت.

به‌شی‌ چواره‌م
دانیشتنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران
به‌ندی‌ ژماره‌(21)
دانیشتنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌ شاری‌ به‌غدا ئه‌نجامده‌درێت، هه‌روه‌ك ده‌كرێت له‌ شوێنی‌ دیكه‌ ئه‌نجامبدرێت ئه‌گه‌ر پێویست بوو.
به‌ندی‌ ژماره‌(22)
یه‌كه‌م:ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران خولێكی‌ یاسادانانی‌ ساڵانه‌ی‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ دوو وه‌رزی‌ یاسادانان پێكدێت، یه‌كه‌میان له‌ یه‌كی‌ ئازاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات‌و له‌ 30 حوزه‌یرانی‌ هه‌موو ساڵێك كۆتایی پێدێت. وه‌رزی‌ دووه‌میش له‌ یه‌كی‌ ئه‌یلول ده‌ستپێده‌كات‌و له‌ 31ی‌ كانوونی‌ دووه‌م كۆتایی پێدیت.
دووه‌م: ئه‌و وه‌رزی‌ یاسادانانه‌ی‌ كه‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ ساڵانه‌ی‌  ده‌وڵه‌تی‌ تێداخراوه‌ته‌ڕوو كۆتایی نایه‌ت تاپه‌سه‌ند ده‌كرێت.
سێیه‌م: دانیشتنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران لانی‌ كه‌م دوو ڕۆژ له‌ یه‌ك هه‌فته‌دا ئه‌نجام ده‌درێت، ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیش ده‌توانێت ماوه‌كه‌ی‌ درێژبكاته‌وه‌ یان دیاری‌ بكات به‌پێی‌ پێویست.
به‌ندی‌ ژماره‌(23)
ڕێژه‌ی‌ یاسایی‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ دانیشتنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ ئاماده‌بوونی‌ زۆرینه‌ی‌ ڕه‌های‌ ئه‌ندامانی‌ ده‌بێت‌و بڕیاره‌كانیش به‌ زۆرینه‌ی‌ كه‌می‌ ده‌نگی‌ ئه‌ندامانی‌ ئاماده‌بوو ده‌درێت، به‌ مه‌رجێك ده‌ستور پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌مه‌ی‌ بڕیار نه‌دابێت. له‌كاتی‌ یه‌كسان بوونی‌ ده‌نگه‌كانیش ئه‌و لایه‌ په‌سه‌ند ده‌كرێت كه‌ سه‌رۆك ده‌نگی‌ بۆ ده‌دات.  
به‌ندی‌ ژماره‌(24)
نابێت دانیشتن ده‌ست پێبكات هه‌تا ڕێژه‌ی‌ یاسایی‌ پێویست ئاماده‌ نه‌بێت، كه‌ له‌ بڕگه‌ی‌ (23)ی‌ ئه‌م په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆیه‌ ئاماژه‌ی‌ پێكراوه‌. ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت ڕێژه‌ی‌ یاسایی‌ ئاماده‌نه‌بووه‌، سه‌رۆك دانیشتنه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ نیو كاتژمێر دواده‌خات، ئه‌گه‌ر هه‌ر ڕێژه‌ی‌ یاسایی‌ ته‌واو نه‌بوو ئه‌وا سه‌رۆك دواخستنی‌ دانیشتنه‌كه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت‌و واده‌یه‌كی‌ دی‌ دیارده‌كرێـت بۆ ئه‌نجامدانی‌ دانیشتن. 
به‌ندی‌ ژماره‌ (25)
بوونی‌ رێژه‌ی‌ یاسایی به‌ پێویست داده‌نرێت له‌كاتی‌ ده‌نگداندا، به‌ڵام به‌مه‌رج دانانرێت بۆ به‌رده‌وامبوونی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌.
به‌ندی‌ ژماره‌(26)
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كاره‌كانی‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوكردنی‌ بڕگه‌كانی‌ ماده‌ی‌ (56) له‌ ده‌ستور.
به‌ندی‌ ژماره‌(27)
ئه‌ندام مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ كه‌ ناڕه‌زایی بخاته‌ڕوو (خاڵی‌ یاسایی "نقگه‌ نڤام") له‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ گفتوگۆكاندا ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی‌ یه‌كێك له‌ ماده‌كانی‌ ده‌ستور یان یاسا كرا یان گفتوگۆكان چوارچێوه‌ی‌ كارنامه‌ی‌ دانیشتنه‌كه‌یان به‌زاند، هه‌روه‌ك پێویسته‌ ئه‌و ماده‌یه‌ بخاته‌ڕوو كه‌ پشتی‌ پێ به‌ستووه‌.
به‌ندی‌ ژماره‌(28)
ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ یان سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران یاخود په‌نجا په‌رله‌مانتار ده‌توانن داوای‌ ئه‌نجامدانی‌ دانیشتنێكی‌ نائاسایی بكه‌ن، به‌مه‌رجێك دانیشتنه‌كه‌ ته‌نها تایبه‌ت بێت به‌و بابه‌تانه‌ی‌ كه‌ له‌ بانگهێشته‌كه‌دا دیاری‌ كراوه‌.
به‌ندی‌ ژماره‌(28)
یه‌كه‌م: دانیشتنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ ئاشكرا ئه‌نجام ده‌درێت، ته‌نها له‌كاتێكدا نه‌بێت كه‌ بارودۆخه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌مه‌ بخوازێت، له‌سه‌ر داوای‌ سه‌رۆكی‌ دانیشتنه‌كه‌ یان ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ یاخود سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران یان له‌سه‌ر داوای‌ سی‌‌وپێنج په‌رله‌مانتارو به‌ڕه‌زامه‌ندی‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ ئاماده‌بوو. له‌م كاته‌دا هیچ كه‌سێك ئاماده‌ی‌ دانیشتنه‌كه‌ نابێت، به‌ كارمه‌ندانیشه‌وه‌و یه‌كێك له‌ دوو جێگره‌كه‌و هه‌ركه‌سێكی‌ دیكه‌ له‌ ئه‌ندامان كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌وه‌ ده‌ستنیشان بكرێت كۆنووسی‌ دانیشتنه‌كه‌ رێكده‌خه‌ن.
دووه‌م: كۆنووسی‌ دانیشتنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌ن به‌و ڕێگه‌یه‌ی‌ كه‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ به‌باشی‌ ده‌زانێت بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

به‌شی‌ پێنجه‌م
بواره‌كانی‌ كاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران
به‌ندی‌ ژماره‌(30)
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌و كارانه‌ ئه‌نجام ده‌دات كه‌ له‌ ماده‌ی‌ (61)ی‌ ده‌ستور ئاماژه‌ی‌ پێكراوه‌.
به‌ندی‌ ژماره‌(30)
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌م كاره‌ یاساییانه‌ جێبه‌جێده‌كات:
یه‌كه‌م: ده‌ركردنی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ تایبه‌ت به‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.
دووه‌م: دانانی‌ یاسای‌ تایبه‌ت به‌ جێگرتنه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌ كاتی‌ ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ یان له‌كار خستن یان مردن یان له‌ده‌ستدانی‌ ئه‌ندامێتی‌ له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت.
سێیه‌م: چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ پڕۆژه‌ی‌ یاسا پێشنیاركراوه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ یان ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ پێشكه‌شكراوه‌، له‌وانه‌ش پڕۆژه‌ی‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ ساڵانه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت‌و بودجه‌ی‌ ته‌واوكاری‌‌و په‌سه‌ندكردنی‌ ژمێریاری‌ كۆتایی، هه‌روه‌ك كاری‌ ئه‌نجومه‌ن تایبه‌تمه‌ندیشه‌ به‌ گواستنه‌وه‌ی‌ به‌ش‌و به‌نده‌كانی‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ كۆی‌ بڕی‌ بودجه‌كه‌، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌نجومه‌ن ده‌توانێت له‌كاتی‌ پێویستدا پێشنیاربكات به‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بڕی‌ خه‌رجیه‌كان زیادبكات به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 62ی‌ ده‌ستور.
چواره‌م: دانانی‌ بودجه‌یه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆو ته‌واو بۆ دادگا.
پێنجه‌م: په‌سه‌ندكردنی‌ بودجه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و لیژنه‌كانی‌.
شه‌شه‌م: چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ پڕۆژه‌ی‌ یاسای‌ پێشنیاركراو له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و لیژنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌ن.
حه‌وته‌م: ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بڕیارێكی‌ ده‌ركردو له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ڕه‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر نیشان نه‌درا، ئه‌وا پڕۆژه‌ی‌ یاساكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌مه‌به‌ستی‌ چاوخشاندنه‌وه‌ له‌و بوارانه‌ی‌ كه‌ ناڕه‌زایی له‌سه‌ره‌و به‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌ندامان ده‌نگی‌ له‌سه‌ر ده‌درێت، پاشان دووباره‌ ڕه‌وانه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێـته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ نیشاندانی‌ ڕه‌زامه‌نی‌ له‌سه‌ری‌. ئه‌گه‌ر بۆ جاری‌ دووه‌م ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌ماوه‌ی‌ ده‌ ڕۆژدا له‌به‌رواری‌ گه‌یشتنی‌ یاساكه‌دا ڕه‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر نیشان نه‌دا، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و له‌م كاته‌شدا ئه‌نجومه‌ن ده‌توانێت به‌زۆرینه‌ی‌ 35ی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌سه‌ندی‌ بكات‌و نابێت ناڕه‌زایی له‌سه‌ر نیشان بدرێت‌و به‌په‌سه‌ندكراو داده‌نرێت.
به‌ندی‌ ژماره‌(32)
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران كاری‌ چاودێریكردنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێببه‌جێكردن له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت، به‌م پێیه‌ش ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ی‌ خواره‌وه‌ی‌ ده‌بێت:
یه‌كه‌م:بانگهێشتكردنی‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌‌و لێپرسینه‌وه‌و بانگهێشتكردنی‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانیشه‌وه‌، یاخود هه‌ر به‌رپرسێكی‌ دیكه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن.
دووه‌م: ئه‌نجامدانی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ل ئه‌و به‌پرسانه‌ی‌ ئاماژه‌یان پێدرا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ر ڕووداوێك كه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران پێی‌ وایه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ یان مافی‌ هاوڵاتیانه‌وه‌.
سێیه‌م: داواكردنی‌ زانیاری‌‌و به‌ڵگه‌نامه‌ له‌هه‌ر لایه‌نێكی‌ ڕه‌سمی‌ سه‌باره‌ت به‌هه‌ر بابه‌تێك كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ یان مافی‌ هاوڵاتیان ، یاخود جێبه‌جێكردنی‌ یاساكان له‌لایه‌ن ده‌سته‌و ده‌زگاكانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
چواره‌م: داوای‌ ئاماده‌بوونی‌ هه‌ركه‌سێك بۆ شایه‌تیدان یان ڕوونكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵویست یان ئاشكراكردنی‌ زانیاری‌ سه‌باره‌ت به‌هه‌ر بابه‌تێك كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانه‌وه‌ خرابێته‌ ڕوو هه‌روه‌ها مایه‌ی‌ كۆڵینه‌وه‌ بێت.
پێنجه‌م: ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌توانن سه‌ردانی‌ وه‌زاره‌ت‌و فه‌رمانگه‌كانی‌ ده‌وڵه‌ت بكه‌ن بۆ به‌دواداچوونی‌ كاره‌كانیان‌و ئاگاداربوونی‌ باش به‌ڕێوه‌چوونیان‌و جێبه‌جێكردنی‌ یاسا.

به‌شی‌ شه‌شه‌م
ئه‌ركی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران و هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی‌
به‌ندی‌ ژماره‌(33)
سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌كات‌و به‌ناوی‌ ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ ده‌دوێت.
به‌ندی‌ ژماره‌(34)
سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌م ئه‌ركانه‌ی‌ خواره‌وه‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت:
یه‌كه‌م: كاركردن بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ده‌ستورو یاساو په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.
دووه‌م: كردنه‌وه‌و سه‌رۆكایه‌تیكردنی‌ دانیشته‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.
سێیه‌م: بانگهێشتكردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بۆ ئه‌نجامدانی‌ دانیشتنی‌ نائاسایی.
چواره‌م:داوای‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ وه‌رزی‌ یاسادانانی‌ خوولی‌ ساڵانه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌مه‌رجێك له‌ سی‌ ڕۆژ تێپه‌ڕنه‌كات.
پێنجه‌م:به‌ڕێوه‌بردن‌و پاراستنی‌ هێمنی‌ گفتوگۆكان‌و دیاریكردنی‌ بابه‌تی‌ گفتوگۆكان هه‌روه‌ها ئاڕاسته‌كردنی‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ ده‌یه‌وێت به‌شداری‌ بكات تا له‌سنووری‌ بابه‌ته‌كه‌و یاسا ده‌رنه‌چێت، هه‌روه‌ها مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر بابه‌تێك ڕوون بكاته‌وه‌ كه‌ ڕۆشن نه‌بێت یان داوای‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی بكات.
شه‌شه‌م: ئه‌و بابه‌تانه‌ی‌ كه‌ پێویستی‌ به‌ ده‌نگدانه‌ بیخاته‌ ده‌نگدانه‌وه‌و ئه‌نجامی‌ ده‌نگدانه‌كه‌ ئاشكرابكات.
حه‌وته‌م: نوێنه‌رایه‌تیكردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌ ئاهه‌نگه‌ نیشتمانی‌و بۆنه‌كانی‌ دیكه‌دا، هه‌روه‌ك ده‌توانێت یه‌كێك له‌ جێگره‌كانی‌ یان ئه‌ندامان ڕابسپێرێ‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و كاره‌.
هه‌شته‌م: گرتنه‌به‌ری‌ ڕێوشوێنی‌ پێویست بۆ پاراستنی‌ ئاسایش‌و یاسا له‌ نێوئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌راندا.
نۆیه‌م: چاودێری‌‌و سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ فه‌رمانبه‌ران‌و كارمه‌ندانی‌ دیوانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و ئه‌نجامدانی‌ سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی‌ كه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ بڕیاری‌ له‌سه‌ردراوه‌ به‌مه‌رجێك پێچه‌وانه‌ نه‌بێت له‌گه‌ڵ ماده‌ی‌ (9)ی‌ ئه‌م په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆیه‌.
به‌ندی‌ ژماره‌(35)
یه‌كه‌م: جێگری‌ یه‌كه‌م ئه‌م ئه‌ركانه‌ی‌ خواره‌وه‌ جێبه‌جێ‌ ده‌كات:
أ . جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌ركه‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌كاتی‌ ئاماده‌نه‌بوونی‌ یان ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی‌ ئه‌ركه‌كانی‌ جێبه‌جێ بكات.
ب . به‌دواداچوونی‌ كاری‌ لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان‌و پێشكه‌شكردنی‌ ڕاپۆرت له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌و پێیه‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌سه‌ری‌ ڕێك ده‌كه‌وێت.
ج . سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ دانیشتنی‌ هاوبه‌شی‌ لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.
دووه‌م: جێگری‌ دووه‌م ئه‌م ئه‌ركانه‌ جێبه‌جێده‌كات:
أ . جێبه‌جێكردنی‌ كاره‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌ كاتی‌ ئاماده‌نه‌بوونی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و جێگری‌ یه‌كه‌م، یاخود ئه‌گه‌ر نه‌یانتوانی‌ ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێبكه‌ن.
ب . به‌دواداچوونی‌ كاری‌ لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان‌و پێشكه‌شكردنی‌ ڕاپۆرت له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی‌ كه‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌سه‌ری‌ ڕێك ده‌كه‌وێت.
ج . دڵنیا بوون له‌ ئاماده‌بوونی‌ ڕێژه‌یی‌ یاسایی‌ له‌ كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ دانیشتنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و سه‌رپه‌رشتی‌ پرۆسه‌ی‌ تۆماركردنی‌ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی‌ ئاماده‌ نه‌بوون، بیانوویان هه‌بێت یان نا.
د . دانانی‌ خشته‌ی‌ ناو


  لاپه‌ڕه‌ی   1           2            3             4









 
 
 
 
POWERED BY ENG.A.K.ALSAADI