مـــرحبــا بــــك فـــي
سه‌رۆك نوجه‌یفی‌ ته‌قینه‌وه‌كانی‌ به‌غداو پارێزگاكانی‌ تر رسوا ده‌كات   *     سه‌رۆك نوجه‌یفی‌ سه‌باره‌ت به‌ باری‌ ئاسایش وره‌وشی‌ سیاسی عیراق په‌یوه‌ندی‌ به‌ مالكی‌ وبارزانییه‌وه‌ ده‌كات   *     دكتۆر ئه‌لسوهێل پیرۆزبایی‌ جه‌ژنی‌ ره‌مه‌زان له‌ گه‌لی‌ عیراق و ته‌واوی‌ موسڵمانان ده‌كات   *     به‌رێز عارف ته‌یفور بیرۆزبایی‌ له‌ كوردو ته‌واوی‌ گه‌لی‌ عیراق ده‌كات   *     سه‌رۆك نوجه‌یفی‌ بیرۆزبایی‌ جه‌ژنی‌ ره‌مه‌زان له‌گه‌لی‌ عیراق وته‌واوی‌ موسڵمانان ده‌كات   *       

په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆ (لاپه‌ڕه‌ی‌ چواره‌م)

به‌ندی‌ ژماره‌(115)

هه‌موو لیژنه‌یه‌ك پێویسته‌ ڕاپۆرتێك پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌ن بكات سه‌باره‌ت به‌ هه‌ر بابه‌تێك كه‌ ئاڕاسته‌ی‌ ده‌كرێت. پێویسته‌ ڕاپۆرته‌كه‌ ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ له‌ خۆبگرێت كه‌ لیژنه‌كه‌ ئه‌نجامیداوه‌ له‌گه‌ڵ دیاریكردنی‌ ئه‌و هۆكارانه‌ی‌ كه‌ لیژنه‌كه‌ له‌ بۆچوونه‌كانیدا پشتی‌ پێده‌به‌ستێت. له‌گه‌ڵ ڕاپۆرته‌كه‌ش ده‌قی‌ پڕۆژه‌و یاساكان هاوپێچ ده‌كرێت له‌گه‌ڵ یاداشته‌كانی‌ ڕوونكردنه‌وه‌. هه‌روه‌ك پێویسته‌ ڕاپۆرته‌كه‌ بۆچوونه‌ جیاوازه‌كانی‌ تێدابێت كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ بابه‌ته‌كه‌وه‌ خرابێته‌ڕوو.

به‌ندی‌ ژماره‌ (116)

جگه‌ له‌و كاروبارانه‌ی‌ كه‌ ده‌قی‌ تایبه‌تی‌ له‌باره‌وه‌ هاتووه‌، لیژنه‌ ڕاپۆرتی‌ خۆی‌ له‌ ماوه‌ی‌ نێوان دوو تا چوار هه‌فته‌ ده‌خاته‌ڕوو له‌ به‌رواری‌ ڕه‌وانه‌كردنی‌ بابه‌ته‌كه‌ بۆی‌، به‌مه‌رجێك ئه‌نجومه‌ن ماوه‌ی‌ دیكه‌ دیاری‌ نه‌كات. ئه‌گه‌ر ماوه‌كه‌ تێپه‌ڕی‌‌و ڕاپۆرته‌كه‌ پێشكه‌ش نه‌كرا، ئه‌و كات سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن ده‌توانێت داوا له‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌كه‌ بكات كه‌ هۆكاره‌كانی‌ دواكه‌وتنی‌ ڕاپۆرته‌كه‌ بخاته‌ڕوو له‌گه‌ڵ ئه‌و ماوه‌یه‌ی‌ كه‌ پێویسته‌ بۆ ته‌واوكردنی‌ كاره‌كانی‌، هه‌روه‌ك سه‌رۆك ده‌توانێت كیشه‌كه‌ بخاته‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌ن تا بڕیاری‌ پێویستی‌ له‌باره‌وه‌ بدرێت.

به‌ندی‌ ژماره‌ (117)

وێنه‌یه‌ك له‌و بڕیارانه‌ی‌ كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌‌و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ده‌رده‌چێت ده‌نێردرێت بۆ نوسینگه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن، هه‌روه‌ك ئه‌م وێنه‌یه‌كیش ده‌خرێته‌به‌رده‌ستی‌ هه‌ریه‌ك له‌ لیژنه‌ جیاوازه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌ن.

به‌ندی‌ ژماره‌ (118)

پێویسته‌ وه‌زاره‌ته‌كان لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئاگاداربكه‌ن له‌‌و بڕیاره‌ ستراتیژی‌و كاروباره‌ كارگێڕیی‌و ڕێنماییه‌ پیشه‌ییانه‌ی‌ كه‌ ده‌ریده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها لیژنه‌كان مافی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ داوای‌ وێنه‌یه‌ك له‌و ڕاپۆرتانه‌ بكه‌ن كه‌ ئاماده‌یان كردووه‌ له‌و سه‌ردانانه‌ی‌ كه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات ئه‌نجامیانداوه‌ یان له‌و كۆنگره‌و كۆبوونه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی‌ كه‌ به‌شداریان تێداكردووه‌. هه‌روه‌ها لیژنه‌ی‌ تایبه‌تمه‌ند مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ كه‌ داوای‌ ڕوونكردنه‌وه‌ له‌ وه‌زیر بكات سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی‌ ئه‌م ڕاپۆرتانه‌ یان داوای‌ ئاماده‌بوونی‌ سه‌رۆكی‌ شانده‌كان بكات بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵیان سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی‌ ڕاپۆرته‌كان.

به‌ندی‌ ژماره‌ (119)

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ بانگهێشتی‌ یه‌كێك له‌ لیژنه‌كان بكات بۆ تاووتوێكردنی‌ بابه‌تێكی‌ گرنگ یان به‌په‌له‌. هه‌روه‌ك سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن سه‌رۆكایه‌تی‌ دانیشتنی‌ ئه‌و لیژنانه‌ ده‌كات كه‌ ئاماده‌ی‌ ده‌بێت. گۆڕینه‌وه‌ی‌ نووسراوی‌ فه‌رمیش له‌نێوان لیژنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌ن‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن‌و لایه‌نه‌كانی‌ تری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌ن له‌ڕێی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌وه‌ ده‌بێت به‌پێی‌ ئه‌و په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆیه‌ی‌ كه‌ له‌م بواره‌دا داده‌نرێت، له‌هه‌مانكاتدا سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن ئاگادارده‌كرێت به‌ناردنی‌ وێنه‌یه‌ك له‌ نووسراوه‌كه‌ بۆی.


به‌شی‌ چوارده‌یه‌م

پێشنیاری‌ ئه‌ندامان سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ یاساییه‌كان

به‌ندی‌ ژماره‌ (120)

ده‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران مافی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ پڕۆژه‌ی‌ یاسا پێشنیار بكه‌ن بۆ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ چه‌ند ماده‌یه‌كدا داڕێژرابێت‌و هۆكاری‌ دانانی‌ یاساكه‌ش باسكرابێت.

به‌ندی‌ ژماره‌(121)

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌توانێت به‌نووسراو سه‌رپێچی بنه‌ما ده‌ستوری‌‌و یاساییه‌كان ئاڕاسته‌ی‌ ئه‌و لایه‌نه‌ بكات كه‌ پرۆِژه‌كه‌ی‌ پێشنیاركردووه‌ ، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌خرێته‌ به‌رده‌م لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندیداره‌وه‌،  یاخود ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌كه‌ شێوازی‌ پێویستی‌ له‌ خۆ نه‌گرتبوو، یان چه‌ند بڕگه‌یه‌ك له‌ به‌نده‌ یاساییه‌ كارپیكراوه‌كانی‌ تێدابوو ، یاخود ئه‌گه‌ر داوای‌ ڕاستكردنه‌وه‌و كێشانه‌وه‌ی‌ چه‌ند بڕگه‌یه‌كی‌ لێكرابوو. ئه‌گه‌ر ئه‌ندام سووربوو له‌سه‌ر بۆچوونه‌كه‌ی‌ پێویسته‌ له‌سه‌ری‌ یاداشتێكی‌ نووسراو  پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بكات‌و تیێیدا بۆچوونی‌ خۆی‌ بخاته‌ ڕوو له‌ماوه‌ی‌ هه‌فته‌یه‌كدا له‌ ژێر ڕۆشنایی‌ ئه‌و ئاگاداریه‌ی‌ پێی‌ گه‌یشتووه‌، پاشان سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بابه‌ته‌كه‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌. دواتر سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ نووسراو ئه‌و لایه‌نه‌ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێشنیاره‌كه‌ی‌ پێشكه‌ش كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌وباره‌یه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ كه‌ پێشنیاره‌كه‌ی‌ پێشكه‌ش كردووه‌ هه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر بۆچونه‌كه‌ی‌، ئه‌وا له‌پاش هه‌فته‌یه‌ك سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بابه‌ته‌كه‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران تا بڕیاری‌ پێویستی‌ لێ بدرێت. 

به‌ندی‌ ژماره‌(122)

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران هه‌ر پێشنیارێك ده‌رباره‌ی‌ پڕۆژه‌ یاساییه‌كان ڕه‌وانه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ ده‌كات تاوه‌كو لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ له‌ بۆچوونه‌كه‌ بكۆڵیته‌وه‌و ڕاپۆرتێك له‌باره‌یه‌وه‌ ئاماده‌بكات بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و بۆچوونی‌ لیژنه‌كه‌ بخاته‌ ڕوو له‌باره‌ی‌ گونجاوی‌ بۆچوونه‌كه‌ یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی‌ یا دواخستنی‌، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نیش ده‌توانێت پێشنیار بكات بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی‌ پێشنیاره‌كه‌ له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ بابه‌ته‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌. ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ڕه‌زامه‌ندی‌ نیشاندا له‌سه‌ری‌ ئه‌وا پیشنیاره‌كه‌ ڕه‌وانه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندیدار ده‌كات.

به‌ندی‌ ژماره‌(123)

ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ی یاسایه‌ك پێشكه‌شكرا كه‌ په‌یوه‌ندی‌ هه‌بوو به‌ پڕۆژه‌ یاسایه‌كی‌ پێشنیاركراوی دیكه‌ كه‌ ڕه‌وانه‌ی‌ یه‌كێك له‌ لیژنه‌كان كرابێت، ئه‌وا سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ڕاسته‌وخۆ ڕه‌وانه‌ی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ی‌ ده‌كات، به‌مه‌رجێك لیژنه‌كه‌ ده‌ستی‌ نه‌كردبێت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ بڕگه‌كانی‌ پڕۆژه‌كه‌ یان پێشنیاره‌كه‌. 

به‌ندی‌ ژماره‌(124)

سه‌باره‌ت به‌و پێشنیارانه‌ی‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ پڕۆژه‌ی‌ یاسایاكان، هه‌مان ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ ده‌رباره‌یان ده‌گیرێته‌ به‌ر كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ تاووتوێكردنی‌ پڕۆژه‌ یاساییه‌كان كه‌ له‌م په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆیه‌دا ئاماژه‌ی‌ پێدراوه‌، له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوكردنی‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ی‌ كه‌ ده‌قی‌ تایبه‌ت له‌باره‌یانه‌وه‌ هاتووه‌.

 به‌ندی‌ ژماره‌(125)

ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ پڕۆژه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ پێشنیار كردووه‌ ده‌توانێت پاشگه‌زببێته‌وه‌ به‌ داوایه‌كی‌ نووسراو بۆ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌ هه‌ر كاتێكدا، پێش ده‌ستكردن به‌ تاووتوێكردنی‌ به‌نده‌كانی‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌. پاش ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران پاشگه‌زده‌بێته‌وه‌ له‌ پێشنیاره‌كه‌ی‌ وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ هه‌ر پێشنیاره‌كه‌ی‌ نه‌خستبێته‌ڕوو به‌مه‌رجێك یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ داوا نه‌كات پێشنیاره‌كه‌ درێژه‌ی‌ پێبدرێت به‌ پێشكه‌شكردنی‌ نووسراوێك له‌وباره‌یه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.

به‌ندی‌ ژماره‌(126)

یاسا پێشنیاركراوه‌كان كه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ڕه‌تی‌ كردۆته‌وه‌ یان كه‌سی‌ پێشكه‌شكار لێی‌ پاشگه‌ز بووبێته‌وه‌ نابێت جارێكی‌ دیكه‌ له‌ هه‌مان خولی‌ یاساداناندا پێشكه‌ش بكرێـته‌وه‌. سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن له‌ خوولی‌ یاسادانانی‌ دواتردا ده‌توانێت پرۆژه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ په‌یوه‌ندیداره‌ پێی‌ بخاته‌ به‌رده‌می‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران پاشان ڕه‌وانه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندیدار ده‌كرێت، هه‌روه‌ك سه‌رۆك ده‌توانێت ڕاسته‌وخۆ ڕه‌وانه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندیداری‌ بكات له‌گه‌ڵ ئاگاداركردنی‌ ئه‌نجومه‌ن له‌یه‌كه‌م دانیشتنی‌ دوای‌ ئه‌م كاره‌.


به‌شی‌ پازده‌یه‌م

په‌یماننامه‌ و ڕێككه‌وتنه‌ نێوه‌ده‌وڵه‌تیه‌كان

به‌ندی‌ ژماره‌(127)

ڕێكخستنی‌ پرۆسه‌ی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ په‌یماننامه‌و ڕێككه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌ یاسایه‌ك ده‌بێت كه‌ له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی‌ 23ی‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران داده‌نرێت.


به‌شی‌ شازده‌یه‌م

ڕێوشوێنه‌ یاساییه‌كان

به‌ندی‌ ژماره‌(128)

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌و پڕۆژه‌ یاساییانه‌ی‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌ پێشكه‌ش كراوه‌ ، ڕه‌وانه‌ی‌ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیدار ده‌كات، تاوه‌كو بۆچوونی‌ خۆی‌ له‌باره‌وه‌ بخاته‌ڕوو پێش خستنه‌ڕووی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بۆ تاووتوێكردنی‌، له‌كاتی‌ خستنه‌ڕووی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نیشدا نوێنه‌ری‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ی‌ پڕۆژه‌كه‌ پێشكه‌ش ده‌كات ئاماده‌ده‌بێت.

به‌ندی‌ ژماره‌(129)

هه‌موو ئه‌ندامێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ پێشنیار بكات بۆ هه‌مواركردن یان لابردن یان زیادكردن یان په‌رت كردنی‌ به‌نده‌كان كاتێك ده‌خرێته‌ ڕوو به‌ مه‌به‌ستی‌ هه‌مواركردنی‌ پڕۆژه‌كه‌. پێویسته‌ گۆڕانكاریه‌ پێشنیاركراوه‌كه‌ به‌ نووسراو پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ بكرێت پێش بیست و چوار كاتژمێر به‌لانی‌ كه‌م له‌ ئه‌نجامدانی‌ دانیشتنه‌كه‌ كه‌ تێیدا ئه‌و مادانه‌ تاووتوێده‌كرێت كه‌ هه‌مواركردن ده‌یگرێته‌وه‌ .

به‌ندی‌ ژماره‌(130)

پێویسته‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ بۆچوونی‌ حكومه‌ت وه‌ربگرێت سه‌باره‌ت به‌ هه‌ر پێشنیارێك كه‌ لیژنه‌كه‌ ده‌یخاته‌ ڕوو ده‌رباره‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ گۆڕانكاری‌ له‌ پڕۆژه‌ی‌ بودجه‌دا، هه‌روه‌ها پێویسته‌ ڕاپۆرتی‌ لیژنه‌كه‌ بۆچوونی‌ حكومه‌ت‌و بیانوه‌كانی‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌ خۆبگرێت. ئه‌م بڕیاره‌ش جێبه‌جێده‌بێت به‌سه‌ر هه‌ر پێشنیارێكدا كه‌ یه‌كێك له‌ لیژنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران یا یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران پێشكه‌شی‌ ده‌كات بۆ هه‌مواركردنی‌ پڕۆژه‌ی‌ یاسایه‌ك، ئه‌گه‌ر ببێته‌ هۆی‌ بارگرانی‌ دارایی‌.


به‌ندی‌ ژماره‌(131)

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، ڕاپۆرتی‌ لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندیدار ده‌خوێنێته‌وه‌ هاوكات بۆچوونه‌ ناته‌باكانیش له‌گه‌ڵ بۆچوونی‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌كه‌ ده‌خاته‌ ڕوو له‌ دانیشتنێكی‌ تایبه‌تدا بۆ تاووتوێكردنی‌ ڕاپۆرته‌كه‌ . له‌ هه‌موو بارێكیشدا تاووتوێكردنه‌كه‌ به‌ پێی‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ لیژنه‌كه‌ پێشكه‌شی‌ كردووه‌.

به‌ندی‌ ژماره‌(132)

به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ ده‌ست ده‌كرێت به‌ تاووتوێكردن‌و ئاڵوگۆڕكردنی‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی‌ پڕۆژه‌كه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ڕازی‌ نه‌بوو له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌، ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ‌ پڕۆژه‌كه‌ ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌.

به‌ندی‌ ژماره‌(133)

دوای‌ ڕازیبوونی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌ ڕووی‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌، ده‌ست ده‌كرێت به‌ تاووتوێكردنی‌ یه‌ك به‌ یه‌كی‌ به‌نده‌كان دوای‌ خوێندنه‌وه‌یان. هه‌ر به‌ندێكیش به‌ جیا بۆچوونه‌كان له‌باره‌یه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت‌و ده‌نگی‌ له‌سه‌ر ده‌درێت، پاشان له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ به‌ گشتی‌ بۆچوونه‌كان وه‌رده‌گیرێت‌و ده‌نگی‌ له‌سه‌ر ده‌درێت دوای‌ ته‌واوبوونی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ به‌نده‌كانی‌.

به‌ندی‌ ژماره‌(134)

دوای‌ كۆتاییهێنان به‌ تاووتوێكردنی‌ به‌نده‌كان‌و خستنه‌ڕووی‌ ئه‌و پێشنیارانه‌ی‌ بۆ هه‌مواركردن ده‌خرێنه‌ ڕوو، له‌سه‌ره‌تاوه‌ ڕاوبۆچوونه‌كان وه‌رده‌گیرێت ده‌رباره‌ی‌ پێشنیاره‌كانی‌ هه‌مواركردن، به‌ڵام به‌و پێشنیارانه‌ ده‌ست پێده‌كرێت كه‌ فراوانترین بواری‌ هه‌یه‌و زیاتر دووره‌ له‌ ده‌قه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌وه‌ ، پاشان بۆچوونه‌كان له‌سه‌ر كۆی‌ به‌نده‌كه‌ وه‌رده‌گیرێت.

به‌ندی‌ ژماره‌(135)

ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بڕیارێكی‌ ده‌ركرد سه‌باره‌ت به‌ یه‌كێك له‌ به‌نده‌كان، بۆ هه‌مواركردنی‌ به‌ندێك كه‌ پێشتر ڕه‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر نیشاندراوه‌، ئه‌وا ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌توانێت جارێكی‌ دی‌ ئه‌و به‌نده‌ تاووتوێ بكاته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌توانێت جارێكی‌ دی‌ تاووتوێی‌ به‌ندێك بكات كه‌ پێشتر بڕیاری‌ له‌سه‌ردراوه‌، ئه‌گه‌ر هۆكاری‌ نوێ‌ هاته‌پێش، پێش كۆتایی‌ هاتن به‌ تاووتوێكردنه‌كی‌ پڕۆژه‌كه‌. ئه‌مه‌ش له‌ سه‌ر داوای‌ حكومه‌ت یان سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ یاخود په‌نجا په‌رله‌مانتار ده‌بێت.

به‌ندی‌ ژماره‌(136)

نابێت ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی‌ یاسا بدرێت پاش تێپه‌ڕبوونی‌ چوار ڕۆژ نه‌بێت به‌لانی‌ كه‌م له‌ كۆتاییهێنان به‌ تاووتوێكردنه‌كه‌و به‌م شێوه‌یه‌ی‌ خواره‌وه‌:

یه‌كه‌م: خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ پڕۆژه‌ی‌ یاساكه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت.

دووه‌م: خوێندنه‌وه‌ی‌ دووه‌می‌ پڕۆژه‌ی‌ یاساكه‌ لانی‌ كه‌م پاش دوو ڕۆژ پێشكه‌ش ده‌كرێت دوای‌ وه‌رگرتنی‌ پێشنیاره‌كان به‌ شێوه‌ی نووسراو بۆ هه‌مواركردنی‌، پاشان گفتوگۆكردنی‌ پڕۆژه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.


به‌شی‌ حه‌ڤده‌یه‌م

ناڕه‌زایی‌ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساییه‌كان

به‌ندی‌ ژماره‌(137)

ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌توانێت هه‌ر یاسایه‌ك كه‌له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانه‌وه‌ ده‌رده‌كرێت په‌سه‌ندبكات له‌ماوه‌ی‌ ده‌ ڕۆژ له‌به‌رواری‌ وه‌رگرتنی‌، جگه‌ له‌و بارانه‌ی‌ كه‌ له‌ هه‌ردوو ماده‌ی‌ (118)و (119)ی‌ ده‌ستور ئاماژه‌ی‌ پێكراوه‌. ئه‌گه‌ر یاساكه‌ ڕه‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر نیشان نه‌درا ئه‌وا دووباره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.

به‌ندی‌ ژماره‌(138)

یه‌كه‌م: ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دانیشتنێك ئه‌نجام ده‌دات به‌و مه‌به‌سته‌، هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بڕیاری‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌كه‌و ئه‌و ڕوونكردنه‌وانه‌ی‌ په‌یوه‌ندیان پێوه‌ هه‌یه‌ ڕه‌وانه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندیدار ده‌كات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پڕۆژه‌ هه‌ڵوه‌شێنراوه‌كه‌ كه‌ ناڕه‌زایی له‌باره‌وه‌ ده‌ربڕدراوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هۆكارانه‌ی‌ پشتی‌ پێ‌ به‌ستراوه‌. ڕاپۆرتی‌ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كه‌ش ده‌خرێته‌ به‌رده‌می‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بۆ چاوپێداخشاندنه‌وه‌ی‌ به‌زووترین كات. ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌ن پڕۆژه‌ی‌ یاساكه‌ی‌ به‌زۆرینه‌ په‌سه‌ندكرد ئه‌وا ڕه‌وانه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت تا ڕه‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر نیشان بدرێت.

دووه‌م: ئه‌گه‌ر بۆ جاری‌ دووه‌م‌و له‌ماوه‌ی‌ ده‌ ڕۆژدا له‌به‌رواری‌ گه‌یشتنی‌ پڕۆژه‌ی‌ یاساكه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ڕه‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر نیشان نه‌درا، ئه‌وا ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌توانێت به‌زۆرینه‌ی‌ 35ی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌سه‌ندی‌ بكات‌و  ئه‌م جاره‌شیان به‌په‌سه‌ندكراو داده‌نرێت.


به‌شی‌ هه‌ژده‌یه‌م

رێوشوێنه‌كانی‌ به‌رزه‌فته‌كردن

به‌ندی‌ ژماره‌(139)

ئه‌گه‌ر ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران یاسای‌ تێكدا، ئه‌وا سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران یه‌كێك له‌م ڕێوشوێنانه‌ی‌ خواره‌وه‌ ده‌رهه‌قی‌ جێبه‌جێده‌كات:

1.       یادخستنه‌وه‌ی‌ ئه‌ندام به‌ په‌یڕه‌وی‌ دانیشتنه‌كه‌.

2.       ئه‌گه‌ر ئه‌ندام ملی‌ نه‌دا ئه‌وا سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌توانێت ئاگاداری‌ بكاته‌وه‌و به‌و پێیه‌ش وته‌كانی‌ له‌ كۆنووسی‌ دانیشتنه‌كه‌دا ده‌كوژێنرێته‌وه‌.

3.       له‌ به‌شه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ دانیشتنه‌كه‌ بواری‌ به‌شداریكردنی‌ پێنادرێت.

به‌ندی‌ ژماره‌(140)

ئه‌گه‌ر ئه‌ندامه‌كه‌ ملی‌ نه‌دا بۆ بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، ئه‌وا سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ هۆكاری‌ دی‌ بگرێـته‌ به‌ر بۆ مسۆگه‌ركردنی‌ ئه‌و بڕیاره‌ دوای‌ ووریاكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامه‌كه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌. هه‌روه‌ها سه‌رۆك ده‌توانێت دانیشتنه‌كه‌ ڕابگرێت یان كۆتایی‌ پێ‌ بهێنێت، له‌م باره‌شدا بێبه‌شكردنه‌كه‌ دووقات زیاتر ده‌بێـت له‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بڕیاری‌ له‌سه‌رداوه‌.

به‌ندی‌ ژماره‌(141)

ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران كه‌ بێبه‌شكراوه‌ له‌ كاره‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، ده‌توانێت داوای‌ ڕاگرتنی‌ بڕگه‌كانی‌ ئه‌م بڕیاره‌ بكات به‌وه‌ی‌ له‌ نووسراوێكدا بۆ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دانبنێت به‌وه‌ی‌ (داوای‌ لێبوردن ده‌كات كه‌ ڕێزی‌ له‌ په‌ێره‌وی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران نه‌گرتووه‌)، ئه‌مه‌ش له‌ دانیشتنه‌كه‌دا ده‌خوێنرێته‌وه‌، پاشان ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بێ‌ مشتومڕ بڕیاری‌ خۆی‌ ده‌دات له‌مباره‌یه‌وه‌.


به‌شی‌ نۆزده‌یه‌م

بودجه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران

 به‌ندی‌ ژماره‌(142)

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بودجه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ هاوئاهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ داراییه‌ تایبه‌ته‌كان دیاری‌ ده‌كرێت‌و له‌ چوارچێوه‌ی‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ ده‌وڵه‌ت داده‌نرێت.

به‌ندی‌ ژماره‌(143)

به‌شی‌ دارایی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران خه‌رجیه‌ كۆتاییه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئاماده‌ ده‌كات‌و ده‌یخاته‌ به‌رده‌ستی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ بۆ نیشاندانی‌ ڕه‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ری‌ پاشان ڕه‌وانه‌كردنی‌ بۆ لیژنه‌ی‌ كاروباری‌ دارایی‌، هه‌روه‌ك لیژنه‌كه‌ش ڕاپۆرتێك له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌رز ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران تا په‌سه‌ندی‌ بكات.

به‌ندی‌ ژماره‌(144)

خه‌رجیه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌چێتـه‌ ژێر چاودێری‌‌و ووردبینی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ داراییه‌وه‌.


به‌شی‌ نۆزده‌یه‌م

بڕیاره‌ كۆتاییه‌كان

به‌ندی‌ ژماره‌(145)

یه‌كه‌م: ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ شاند له‌ نێو ئه‌ندامانی‌ بنێرێ‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق، سه‌باره‌ت به‌ كاروباری‌ تایبه‌ت به‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران. له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ لیژنه‌كان ڕه‌چاو ده‌كرێت.

دووه‌م: ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌توانێت بانگهێشتی‌ شاندو كه‌سایه‌تیه‌كان بكات به‌مه‌به‌ستی‌ ئه‌نجامدانی‌ دیدار له‌گه‌ڵیان بۆ ئاگاداربوون له‌ بارودۆخی‌ عێراق.

به‌ندی‌ ژماره‌(146)

یه‌كه‌م: نابێت هیچ كه‌سێك یان هێزێكی‌ چه‌كدار بچێته‌ ناو باره‌گای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانه‌وه‌ یان له‌ نزیك ده‌روازه‌كانی‌ بمێنێـته‌وه‌ ته‌نها به‌ ڕه‌زامه‌ندی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران نه‌بێـت.

دووه‌م: ڕێگه‌ نادرێت هیچ جۆره‌ چه‌كێكی‌ سوك‌و قورس یان برینداركه‌ر، كه‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران جۆره‌كه‌ی‌ دیاری‌ ده‌كات، ببرێته‌ نێو باره‌گای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.

سێیه‌م: ڕێگه‌نادرێت به‌هیچ كه‌س بچێته‌ نێو باره‌گای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران مه‌گه‌ر به‌ مۆڵه‌ت وه‌رگرتنی‌ پێشوه‌خت نه‌بێت له‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن.

به‌ندی‌ ژماره‌(147)

یه‌كه‌م: ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌رپرسه‌ له‌ دیوانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.

دووه‌م: به‌رێوه‌بردنی‌ كاروباره‌كانی‌ دیوانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌لایه‌ن سه‌رۆكی‌ دیوانه‌وه‌ ده‌بێـت به‌ پله‌ی‌ تایبه‌ت، ئه‌ویش ئه‌ركه‌كانی‌ خۆی‌ به‌ گوێره‌ی‌ یاساو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانه‌وه‌ پێی‌ ده‌به‌خشرێت جێبه‌جێده‌كات. هه‌روه‌ها به‌رپرسه‌ له‌به‌رده‌م ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، له‌مڕوه‌شه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ كارمه‌ندان به‌ پێی‌ پێویستی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران هاوكاری‌ ده‌كه‌ن.

سێیه‌م: ڕاوێژكاران ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌وه‌ ده‌بێت، هه‌روه‌ك به‌رپرسن له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌ پێشكه‌شكردنی‌ ڕاوێژو پسپۆڕی‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان‌و ئاماده‌كردنی‌ ڕاپۆرت‌و لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ كاره‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی‌ هه‌بێت یان هه‌ر ئه‌ركێكی‌ دیكه‌ كه‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران پێیان بسپێرێ‌.

به‌ندی‌ ژماره‌(148)

ده‌كرێـت گۆڕانكاری‌ له‌م په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆیه‌دا بكرێـت له‌سه‌ر پێشنیاری‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ یان په‌نجا ئه‌ندام له‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و به‌ڕه‌زامه‌ندی‌ زۆرینه‌ی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌ندامان.

به‌ندی‌ ژماره‌(149)

بڕیارو فه‌رمانه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌نوسرێته‌وه‌و به‌هه‌ردوو زمانی‌ عه‌ره‌بی‌‌و كوردی‌ بڵاو ده‌كرێـته‌وه‌.

به‌ندی‌ ژماره‌(150)

چاوده‌خشێنرێته‌وه‌ به‌م په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆیه‌و ئه‌و به‌ندانه‌ی‌ ده‌گۆڕدرێت كه‌ ناگونجێت له‌گه‌ڵ ده‌ستور، پاش هه‌مواركردنی‌ ده‌ستورو په‌سه‌ندكردنی‌.

به‌ندی‌ ژماره‌(151)

نوسینگه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌ پارێزگاكان ده‌كرێته‌وه‌ بۆ مسۆگه‌ربوونی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌ نێوان ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و جه‌ماوه‌ر.

به‌ندی‌ ژماره‌(152)

یه‌كه‌م: ئه‌م په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆیه‌ له‌ به‌رواری‌ په‌سه‌ندكردنیه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانه‌وه‌ كاری‌ پێده‌كرێت.

دووه‌م: ئه‌م په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆیه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی‌ فه‌رمیدا بڵاوده‌كرێته‌وه‌.


  لاپه‌ڕه‌ی   1           2            3             4









 
 
 
 
POWERED BY ENG.A.K.ALSAADI